رووداو دیجیتاڵ
میدیای رووسیا دەڵێ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کردوە و بەڵێنی داوە مۆسکۆ "هەموو توانایەکی خۆی" بخاتەگەڕ بۆ هاوکاریکردن لە کۆتاییهێنان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیای رووسیا بڵاویانکردەوە، ڤلادیمیر پووتین لە پێش دەستپێکردنی لووتکەیەکی هەرێمی لە یەکێک لە وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گفتوگۆی کردووە و تاوتوێی رێگەکانی چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکەیان کردووە.
"ئامادەین هەموو شتێک بکەین کە لە تواناماندا بێت"
سەرۆکی رووسیا لە لێدوانێکدا جەختی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: "ئێمە ئامادەین هەموو کارێک بکەین لە تواناماندا بێت بۆ ئەوەی بەشدار بین لە چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە."
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران "هەوڵی راستەقینەی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە"، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران هەڵگیرساوە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی رووسیا لە کاتێکدایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دەست شەڕێکی وێرانکەری نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانەوە دەناڵێنێت.
مۆسکۆ پەیوەندییەکی ستراتیژیی نزیکی لەگەڵ تاراندا هەیە، هەوڵدەدات قورسایی دیپلۆماسیی خۆی بەکاربهێنێت تاوەکو پێش بە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگەکە بگرێت.
لێدوانەکەی پووتین لە کاتێکدایە کە کەناڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی شەڕەکە چالاک بوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسی لە هەبوونی "گفتوگۆی بەرهەمدار" لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند تاوەکو دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێس هێرش ناکەنە سەر ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.


