رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێ، لە چەند مانگی رابردوودا هاوکاریی هەناردەکردنی زیاتر لە ملیارێک و 250 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداوی کردووە بە تەنگەی هورمزدا؛ لە بەرامبەریشدا بەهۆی گەمارۆی تووندی هێزەکانیانەوە، ئێران نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیش لە بەندەرەکانیەوە بنێرێتە دەرەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە رێگەی ئۆنلاینەوە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی تەنگەی هورمز و جەختیان لەسەر پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و زیادبوونی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان کردووەتەوە.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە هاوکاریی هەناردەکردنی زیاتر لە ملیارێک و 250 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداو بکەن بە تەنگەی هورمزدا، بەڵام بەهۆی گەمارۆی "ئاسنین"ی ئەمریکاوە، رێگە لە ئێران گیراوە بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردە بکات.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سوپاسی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و ئاژانسەکانی حکومەتی ئەمریکای کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان؛ هەروەها دەستخۆشی لە تیمی کەشتییە مەدەنییەکانیش کرد بۆ ئەو قوربانیدانەی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا داویانە.
ئەم راگەیێندراوەی سێنتکۆم لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند خولەکێک بەر لەئێستا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی گەمارۆی سەر تاران بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوامە و گوتی: "تەنیا شەوی رابردوو، ژمارەیەکی پێوانەیی کە 22 ملیۆن بەرمیل نەوتە بە تەنگەی هورمزدا گواستراوەتەوە، بێ ئەوەی یەک بەرمیل نەوتیشی لە ئێرانەوە هاتبێت یان بۆ ئێران رۆیشتبێت."
تەنگەی هورمز، رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی جیهانە، پێش جەنگی ئێران کە کۆتایی مانگی شوبات دەستیپێکرد نزیکەی 20%ی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.

