رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەشەنەسەندنی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی قوتابییانی قۆناخی ئامادەیی، حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دا رۆژی دووشەممە نزیکەی 500 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دابخات؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە ئاڵۆزییەکاندا 24 قوتابخانە ئاگریان تێبەردراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، ئیدوارد جێفرای، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا لە پاریس رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی ئەمنی نالەبارە و مەترسی لەسەر گیانی کارمەندان هەیە، پرۆسەی خوێندن لەنێوان 400 بۆ 500 قوتابخانەی ئامادەیی رادەگیرێت.
وەزیری پەروردەی فەرەنسا گوتی: "لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانەوە تاوەکو ئێستا، 24 قوتابخانە لەلایەن ناڕازییانەوە سووتێنراون و زیانی زۆریان پێگەیشتووە. پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایان لەپێشینەی کارەکانمانە، بۆیە تاوەکو دۆخەکە هێور نەبێتەوە، ناتوانین دەرگەی ئەو ناوەندانە بە کراوەیی بهێڵینەوە."
ناڕەزایەتییەکان سەرەتا بە شێوەی گردبوونەوە لە بەردەم دەرگەی قوتابخانەکان دەستیپێکرد، بەڵام دواتر گرژی لەنێوان قوتابییان و پۆلیس دروستبوو و ئاڵۆزییەکان پەرەیانسەند بۆ تووندوتیژی و سووتاندنی بیناکان، ئەمەش پاریسی رووبەڕووی قەیرانێکی نوێی ئەمنی کردووەتەوە.
خۆپێشاندانی قوتابییانی ئامادەیی لە 17ی ئەیلوولی 2026 لە قوتابخانەی (سانت ئیگزوپێری) لە شارۆچکەی "کرێتێل" لە دەوروبەری پاریس سەریهەڵدا؛ کاتێک قوتابییان بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنی مامۆستایان دەروازەی قوتابخانەکەیان داخست.
ناڕەزایەتیی قوتابییان و مامۆستایان دژی کەمیی کادیری پەروەردەیی، قەرەباڵخیی نێو پۆلەکان (کە 32 بۆ 40 قوتابی لە پۆلێکدان) و نەبوونی کەلوپەل و پێداویستیی خوێندن بوو. جووڵەکە بە خێرایی لە دەوروبەری پاریس بڵاوبووەوە و دواتریش شارە گەورەکانی دیکەی فەرەنسای گرتەوە.



