رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ لە هاوینەهەواری (کەمپ دەیڤید) کۆبوونەوە تاوەکو هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن لە جەنگی ئێران تاوتوێ بکەن.
سێ بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان گوتووە، کۆبوونەوەکە رۆژى هەینی لە لایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە سەرۆکایەتی کراوە و بەرپرسانی بواری ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری تێیدا ئامادە بوون. لەوانە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی؛ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا "چەندین بڕیاری یەکلاییکەرەوە دراون."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، گفتوگۆیە ناڕاستەوخۆکان بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە جەنگ بێ ئەنجام بوون و ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دەکات. ترەمپ رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لە لێدوانێکدا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی: "دەبێت بڕیارێک بدەم. یان ئێران رێککەوتنەکە واژۆ دەکات یانیش نامێنێت."
جەنگ دژی حووسییەکان
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، مژارێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکەی کەمپ دەیڤید داواکارییە بەپەلەکانی بەرپرسانی سعودیە بوو بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەشداری لە هێرشێکی بەرفراواندا بکەن بۆسەر حووسییەکان لە کەناراوەکانی دەریای سوور.
ریاز پلانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بە هاوکاریی سوپای یەمەن داناوە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی پێویستی بە بۆردوومانی چڕی ئاسمانییە.
کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی نێوەڕۆکی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی کەمپ دەیڤید بدات.



