رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چاتبۆتێکی نوێی ژیریی دەستکردی لە ماڵپەڕی فەرمیی (America.gov) راگەیاند بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی زانیاری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی حکومەت وەربگرن؛ بەڵام چاتبۆتەکە دەستبەجێ بە بەڵگەی فەرمی کەوتە بەدرۆخستنەوەی قسە و بانگەشە سیاسییەکانی ترەمپ، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، تاوەکو رۆژی دواتر چاتبۆتەکە لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە وەستا.
چاتبۆتەکە چۆن قسەکانی ترەمپی بە درۆ خستەوە؟
هەڵبژاردنی 2020: ترەمپ هەمیشە دەڵێت لە هەڵبژاردنی 2020دا ساختەکاری کراوە و ئەو بردوویەتییەوە؛ بەڵام کاتێک رۆژی سێشەممە پرسیار لە چاتبۆتەکە کرا ئایا ساختەکاری هەبووە؟ لە وەڵامدا گوتی: "بەپێی پشکنینە فەرمییەکانی حکومەت، هیچ ساختەکارییەک نەبووە کە ئەنجامەکە بگۆڕێت و جۆ بایدن هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە."
کاردانەوەی نەیارانی ترەمپ: ئادەم شیف، سیناتۆری دیموکراتەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە گاڵتەوە وێنەی وەڵامەکەی چاتبۆتەکەی بڵاوکردەوە و نووسی: "دواجار، وەڵامێکی راستگۆیانە لە کەسێکەوە لە ئیدارەکەی ترەمپ بیسترا!"
پاشەکشەی چاتبۆتەکە لە رۆژی دووەمدا
رۆژی چوارشەممە کاتێک هەمان پرسیار لەبارەی هەڵبژاردن لە چاتبۆتەکە کرایەوە، بە تەواوی وەڵامەکەی گۆڕی و بێدەنگ بوو، گوتی: "من لێدوان و شیکاریی سیاسی لەسەر هەڵبژاردنەکانی رابردوو پێشکێش ناکەم!"
هێشتا روون نییە ئایا کۆشکی سپی بە مەبەست دەستکاریی چاتبۆتەکەی کردووە تاوەکو چیدیکە قسەکانی ترەمپ بە درۆ نەخاتەوە یان نا. بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتوویەتی، ماڵپەڕەکە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە تاوەکو زانیاریی دروست بدات بە هاووڵاتییان.
هێشتا بەشێک لە قسەکانی دیکەی ترەمپ بە درۆ دەخاتەوە
سەرەڕای بێدەنگبوونی لەسەر هەڵبژاردن، چاتبۆتەکە هێشتا وەڵامی بەشێک لە قسەکانی دیکەی ترەمپ دەداتەوە؛ بۆ نموونە کاتێک لێی دەپرسیت ئایا لە سەردەمی بایدندا ئەمریکا رووبەڕووی "خراپترین هەڵاوسان و گرانی لە مێژوودا" بووەتەوە؟ کە ئەمە قسەی هەمیشەیی ترەمپە، چاتبۆتەکە دەڵێت: "نەخێر، بەپێی ئاماری فەرمیی دەوڵەت، قسەی لەو جۆرە کە گوایە خراپترین گرانی بووە لە مێژوودا، بە هیچ داتایەکی فەرمی پشتڕاست ناکرێتەوە."
بۆچی ئەم بابەتە گرنگە؟
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ترسی زۆر هەیە لە کۆنترۆڵنەکردنی ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی سیاسی یان هەڵخەڵەتاندنی خەڵک؛ بەڵام ترەمپ ئەو نیگەرانییانە رەتدەکاتەوە و بە پیلانگێڕیی دەزانێت بۆ خاوکردنەوەی ئابووریی ئەمریکا لە بەرامبەر چیندا.
.png&w=3840&q=75)


