رووداو دیجیتاڵ
بەرنامەیەکی تاقیکاریی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا بە ناوی "یەکێک ببە و یەکێک بێنە" (One in, one out) هەڵوەشێنرایەوە؛ مەبەست لەو رێککەوتنە رێگریکردن بوو لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا.
بەپێی ئەم پلانە، ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک دەگەیشتنە بەریتانیا، دەستبەسەر دەکران و دەگەڕێندرانەوە فەرەنسا. لە بەرامبەردا، ئەو پەناخوازانەی لە رێگەی یاسایی و سەلامەتەوە داواکارییان پێشکێش کردبوو، لە فەرەنساوە دەبردرانە بەریتانیا. واتە بەریتانیا لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەی هەر کۆچبەرێکی نایاسایی بۆ فەرەنسا، کۆچبەرێکی یاسایی لە فەرەنسا وەردەگرت.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، بەریتانیا باسی لەوە کرد، رێککەوتنەکە "چیدیکە مامەڵە لەگەڵ کەیسی نوێدا ناکات"، گوتیشی: "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ فەرەنسا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکان و لەم بارەیەوە پێشکەوتنی بەرجەستەمان بەدەستهێناوە."
ئاماری ئاڵوگۆڕی کۆچبەران و هۆکاری هەڵوەشاندنەوە
لە چوارچێوەی ئەم پرۆگرامەدا، نزیکەی هەزار و 500 کۆچبەر بۆ فەرەنسا گەڕێندراونەتەوە و بە هەمان ژمارەش پەناخواز هێنراونەتە بەریتانیا. هەرچەندە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ دانرابوو، بەڵام بڕگەیەکی تێدابوو کە رێگەی بە هەردوو وڵات دەدا پێشوەختە کۆتایی پێبهێنن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، گەشتەکانی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەو کەسانەی پێشتر لەسەر ئەم بنەمایە دەستبەسەرکراون، لە هەفتەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن.
کەمبوونەوەی پەڕینەوە و کارەساتی نوێی خنکان
هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێککەوتنە لە دوای دابەزینی بەرچاوی ژمارەی پەڕینەوەی کۆچبەران دێت لە ساڵی 2026دا بۆ نزمترین ئاستی پێنج ساڵی رابردوو، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە دیارترینیان زیادکردنی پۆلیسی گەڕۆک و بەهێزکردنی چاودێرییە لە باکووری فەرەنسا. بە گوێرەی کەناڵی سکای نیووزی بەریتانی، لەمساڵدا نزیکەی 19 هەزار کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە، ئەمەش بە رێژەی 40% کەمترە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 2025.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ئامارەکان، مەترسییەکان بەردەوامن؛ رۆژی دووشەممە، لە کاتی پەڕینەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا، منداڵێکی 10 ساڵان و دوو ژن گیانیان لەدەستدا، کە بەهۆی قەرەباڵخیی زۆرەوە کەوتبوونە ژێر پێی سەرنشینەکان و خنکابوون. بە گوێرەی میدیای بەریتانی، بەلەمەکە زیاتر لە 100 کەسی تێدا بووە.
لێکەوتە سیاسییەکان لە نێوخۆی بەریتانیا
پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە یەکێک لە گەرمترین پرسە سیاسییەکان لە بەریتانیا؛ تووڕەیی خەڵک لە بێتوانایی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆسیەیە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین خۆپێشاندان و پشێوی، هاوکات هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ بەهێزبوونی پێگەی پارتی ریفۆرم (Reform UK) لە گۆڕەپانی سیاسیی بەریتانیادا.



