رووداو دیجیتاڵ
رووسیا بە فەرمی هۆشداریی داوەتە هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئامادەیە پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ببات ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە هەوڵی جیاکردنەوە و بڕینی رێگەکانی هەرێمی کالینینگراد بدات؛ کە هەرێمێکی رووسییە و دەکەوێتە سەر دەریای بەڵتیک و بە وڵاتانی ناتۆ (پۆڵەندا و لیتوانیا) دەوەرە دراوە.
لە بەڵگەنامەیەکی دیپلۆماسیدا کە ئاراستەی ناتۆ کراوە و ئاژانسی رۆیتەرز نێوەڕۆکەکەی ئاشکرا کردووە، مۆسکۆ هاوپەیمانیی ناتۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی رێڕۆیێکی "مەترسیدار و بێباکانە"ـی گرتووەتەبەر کە "مەترسیی گەورەی هەڵگیرسانی پێکدادانی چەکداریی راستەوخۆی لێدەکەوێتەوە."
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "رووسیا ئامادەیە تەواوی ئەو جبەخانە و توانا سەربازییانەی لەبەردەستیدان، لەوانەش چەکی ئەتۆمی، بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆی؛ ئەگەر وڵاتانی ناتۆ هەر هەوڵێک بدەن بۆ گەمارۆدان و دابڕینی هەرێمی کالینینگراد لە خاکی سەرەکیی رووسیا."
هەروەها مۆسکۆ هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری روودانی ئەو سیناریۆیەدا، ئەگەری ئەوە هەیە "راستەوخۆ لە سەرەتای پێکدادانەکانەوە رووسیا ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆردوومان بکات."
کالینینگراد هەرێمێکی دابڕاوی رووسیایە کە چەکی پێشکەوتووی تێدا جێگیر کراوە، رووبەرەکەی کەمێک لە ویلایەتی کۆنێکتیکتی ئەمریکا گەورەترە و بە تەواوی لەلایەن وڵاتانی ناتۆوە (پۆڵەندا و لیتوانیا) دەورە دراوە، کە ئەمەش وایکردووە مۆسکۆ هەمیشە هەست بە مەترسی بکات لەسەر ئەو پارچە خاکەی.
"با رووسیا دەستبەرداری گوتاری ئەتۆمی ببێت"
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، هاوپەیمانیی ناتۆ لە وەڵامێکی نووسراودا کە ئەویش دەست رۆیتەرز کەوتووە، جەختی کردووەتەوە کە ناتۆ هاوپەیمانێتییەکی بەرگرییە و پابەندە بە پاراستنی ئەندامەکانی لە هەر هەڕەشەیەک.
لە وەڵامەکەی ناتۆدا هاتووە، "هیچ کام لە مەشق و چالاکییەکانی ناتۆ هەڕەشە نین بۆ سەر خاکی رووسیا. ئێمە داوا لە فیدراسیۆنی رووسیا دەکەین کۆتایی بە لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بهێنێت، هەروەها داوا دەکەین دەستبەرداری ئەو هەڵسوکەوتە بێباکانەیەی ببێت بەرامبەر بە هاوپەیمانان و کۆتایی بە گوتارە ئەتۆمییە نابەرپرسیارانەکانی بهێنێت."
هاوکات دیپلۆماتێکی ناتۆ بە رۆیتەرزی گوت: "ئەم نامەیەی رووسیا تەنیا هەوڵێکی دیکەیە بۆ چاوترساندنی ئەورووپییەکان؛ وەڵامەکەی ناتۆش پێداگر و بەرپرسیارانە بوو، کە تێیدا جەختمان لەوە کردەوە هیچ شتێک وامان لێ ناکات دەستبەرداری پشتیوانیکردنی ئۆکراینا ببین."
بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەورووپی دانیناوە بە مەترسیداریی دۆخەکە و گوتی، "لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە، ئەمە یەکەمین جارە رووسیا بەم شێوەیە هەڕەشەمان لێبکات؛ بۆیە ئەمە بابەتێکی جیدییە."

