رووداو دیجیتاڵ
توێژەرانی ناسا، چاڵێکی گەورەیان بە پانیی 222 مەتر لەسەر رووی مانگ دۆزییەوە. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2024 دروستبووبێت و دەگوترێ "لە 100 ساڵدا جارێک" روودەدات و تەنێکی هێندەی باڵەخانەیەکی 3-6 نهۆمی خۆی پێدا کێشاوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ناسا کە دوێنێ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، چاڵێکی گەورەیان بە پانیی 222 مەتر لەسەر رووی مانگ دۆزیوەتەوە کە بەم دواییانە دروستبووە. پێدەچێت چاڵەکە کە ناوی "مەکگێچین"ی لێنراوە، لە ئەنجامی پێکدادانی هەسارۆکەیەک یان کلکدارێک بە مانگدا لە بەهاری 2024 دروستبووبێت.
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن، پێکدادانێک بەم قەبارەیە لەسەر مانگ نزیکەی "100 ساڵ جارێک یان زیاتر" روودەدات. قەبارەی ئەو تەنە ئاسمانییەی کە چاڵەکەی دروستکردووە، هێندەی باڵەخانەیەکی سێ بۆ شەش نهۆمی دەخەمڵێندرێت.
بەهۆی ئەوەی مانگ وەک زەوی بەرگەهەوایەکی پارێزەری نییە، ئەو تەنانەی لە بۆشایی ئاسمانەوە دێن، پێش گەیشتنیان بە رووەکەی، بە شێوەیەکی بەرچاو خێراییان کەم نابێتەوە یان لە بەرگەهەواکەدا ناسووتێن و پارچەپارچە نابن، بۆیە پارچەی هەسارۆکە و کلکدارەکان دەتوانن بە خێراییەکی زۆر راستەوخۆ خۆیان بە مانگدا بکێشن.
چاڵەکە، بەهۆی وێنە نوێیەکانی کەشتیی ئاسمانیی Lunar Reconnaissance Orbiter (LRO)ـی ناساوە دۆزرایەوە کە لە ساڵی 2009ـەوە چاودێریی مانگ دەکات.
رۆبەرت واگنەر، توێژەری ناسا، لە کاتی وردبوونەوە لە سکانێکی نوێی رووی مانگدا، سەرنجی ئەو دروستبوونە نوێیەی داوە. لە وێنەکانی LROـدا، چاڵەکە وەک "خاڵێکی گەورە و گەش" دەرکەوتووە کە بازنەیەکی رەنگی تۆخی لە دەورە.
لێکۆڵینەوەکان، دەریانخستووە ئەم دروستبوونە کە پێشتر لە ناوچەکەدا نەبووە، دەرئەنجامی پێکدادانێکی گەورەیە کە لە ساڵی 2024 روویداوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری Science Advances بڵاوکراوەتەوە، مەکگێچین، گەورەترین چاڵی نوێیە کە تاوەکو ئێستا لە کۆمەڵەی خۆردا دۆزراوەتەوە و دەتوانرێت مێژووی دروستبوونەکەی بە داتای چاودێری بۆ سەردەمێکی نزیک دیاری بکرێت.
لەسەر رووی مانگ، چەندین چاڵی دیکە هەن کە زۆر لە مەکگێچین گەورەترن، بەڵام زۆربەیان شوێنەواری ئەو پێکدادانانەن کە ملیۆنان یان تەنانەت ملیارەها ساڵ لەمەوبەر روویانداوە.
ئەوەی مەکگێچین بۆ زانایان تایبەت دەکات، ئەوەیە کە دەتوانرێت دروستبوونەکەی بۆ مێژوویەکی زۆر نزیک هەڵبگیرێت.
لێکۆڵینەوە لە چاڵە نوێیەکە، دەرفەت بە زانایان دەدات کە بە وردی لێکۆڵینەوە لەوە بکەن کە چۆن پێکدادانە گەورەکان رووی مانگ دەگۆڕن.
بەراوردکردنی وێنەکانی پێش و پاشی دروستبوونی چاڵێکی لەو شێوەیە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتن لەوەی کە چۆن ئەو مادانەی بەهۆی پێکدادانەکەوە بڵاوبوونەتەوە، بەسەر رووەکەدا دابەشبوون و چۆن پێکهاتەی جیۆلۆجیی مانگ گۆڕاوە.



