رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو- دیاسپۆرا، لانیکەم پێنج بەربژێری کوردی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانی سوێد، بەربەستی چوونە پەرلەمانی وڵاتەکەیان لەسەر لیستی پارتە جیاوازەکان بڕیوە.
قادر کاسرگا، بەربژێر و سەرکردە لە پارتی سۆسیال دیموکرات بە رووداو دیاسپۆرای راگەیاند، تاوەکو ئێستا پێنج کەسی کورد دەرچوون و کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە.
ئەو کەسانەی دەرچوون ئەمانەن:
قادر کاسرگا بە رووداوی گوت، لاوێن رێدار، تالا ئەلکوردی، سارە گیلە، گورگین بەکرجی ئۆغڵۆ و منیش وەک قادر کاسرگا کورسی پەرلەمانمان مسۆگەر کردووە.
کاسرگا گوتیشی، "بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە بەردەستدان سۆسیال دیموکرات و بلۆکی چەپ حکومەت پێکدەهێنن، هەرچەندە ئەنجامەکان چوارشەممە و پێنجشەممە ئاشکرا دەکرێن و 200 هەزار دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش ماون، بەڵام باوەڕناکەم ئەنجامەکان بگۆڕێن".
باوەڕ ئەسەر، سەرکردە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد بە رووداو دیاسپۆرای راگەیاند، "ئەوەی لەسەر بەربژێرانی کورد دەرکەوتووە، ئەوەیە، تەنیا لە لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی شاری ستۆکهۆڵم، سێ بەربژێری کورد دەرچوونیان مسۆگەرە."
هاوکات هانا ئەمین ئەندرسۆن، بەربژێرێکی دیکەی سۆسیال دیموکراتەکانە لە ستۆکهۆڵم بۆ پەرلەمانی سوێد بە (رووداو دیاسپۆرا)ی راگەیاند، "ئەگەر ئێمە وەک سۆسیال دیموکرات حکومەت دروستبکەین، ئەوا من دەبمە ئەندامی پەرلەمان."
هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوێد رکابەرییەکی تووندی لەنێوان جەمسەرە سیاسییەکان بەخۆیەوە بینیوە و دیاسپۆرای کوردیش لە رێگەی بەربژێرەکانیانەوە، بەشدارییەکی کارایان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.



