رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەی پارتە نەتەوەییە سەرەکییەکانی سکۆتلاند، ئێرلەندای باکوور و وێڵز، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری کاردیف، مافی گەلەکانیان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان و جیابوونەوە لە بەریتانیا راگەیاند و گوتیان داهاتووی نەتەوەکانیان لەنێو یەکێتیی ئەورووپادایە، بەڵام حکومەتی بەریتانیا دەستبەجێ دژی وەستایەوە و پێداگری لەسەر مانەوەی یەکێتیی وڵاتەکە کرد.
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا بەرامبەر بە راگەیێندراوی مافی چارەی خۆنووسین، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە داونینگ ستریت رایگەیاند، ئاندی بێنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "باوەڕێکی پتەو و بەهێزی بە مانەوەی یەکێتیی شانشینەکە هەیە."
گوتەبێژەکە هەروەها گوتی، "بەریتانیا لە باشترین دۆخی خۆیدایە کاتێک خەڵک لە دەوری بەها هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان کۆدەبنەوە، نەک لە دەوری دابەشبوون و لێکترازاندن."
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەو پارتە سەرەکییانە لە کاردیفی پایتەختی وێڵز، چەند رۆژێک دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە پشتیوانیی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو بەشەکەی ئێرلەندا دەربڕیبوو.
میشێل ئۆنیڵ، جێگری سەرۆکی پارتی (شین فین) و وەزیری یەکەمی ئێرلەندای باکوور لە کاتی راگەیاندنی یاداشتە هاوبەشەکەیاندا گوتی، لێدوانەکانی ترەمپ نیشانی دەدەن کە "دیالۆگ لەسەر پرسی یەکگرتنەوە بە تەواوی زیندووە."
لە بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرسێ پارتەکەدا هاتووە، "نەتەوەکانمان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە. هیچ حکومەتێکی وێستمینستەر (حکومەتی بەریتانیا) مافی ئەوەی نییە رێگری لە پرۆسەی دیموکراسی بکات، یاخود ئەو بنەمایە پێشێل بکات کە گەلەکانمان دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا، هەرسێ نەتەوە سەرۆکوەزیرانیان هەیە کە "پابەندن بە سەربەخۆیی لە شانشینی یەکگرتوو"، هەروەها دەڵێن، "داهاتووی نەتەوەکانمان لەنێو یەکێتیی ئەورووپادایە."
ئەو سەرکردانەی بەڵگەنامەکەیان واژۆ کردووە پێکدێن لە: جۆن سوینی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلاند، رۆن ئەپ یۆرۆرس، سەرۆکی پارتی پلاید کەمریی وێڵز، لەگەڵ ماری لو ماکدۆناڵد و میشێل ئۆنیڵ، سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی شین فین.
ئەم جووڵە سیاسییە لە کاتێکدایە کە پارتە لایەنگرەکانی سەربەخۆیی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1999ـەوە زۆرینەی پەرلەمانەکانی سکۆتلاند و وێڵزیان بەدەستهێناوە، هاوکات لە ساڵی 2022ـەشەوە پارتی شین فین گەورەترین پارتی پەرلەمانی ئێرلەندای باکوورە.
هەرچەندە هەرسێ لایەن لە ئامانجی جیابوونەوەدا هاوڕان، بەڵام شێواز و خشتەی کاتیی هەنگاوەکانیان جیاوازە؛ پارتی نەتەوەیی سکۆتلاند داوای دووەمین گشتپرسی سەربەخۆیی دەکات دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بە جیاوازییەکی کەم دەنگ بە مانەوە درا، بەڵام لەندەن رێگری لە دەنگدانێکی نوێ دەکات.
هاوکات پارتی شین فین بەپێی رێککەوتننامەی ئاشتیی ساڵی 1998 ناسراو بە (هەینیی پیرۆز) داوای گشتپری دەکات بۆ یەکگرتنەوەی ئێرلەندای باکوور لەگەڵ کۆماری ئێرلەندا، لە کاتێکدا پارتی پلاید کەمریی وێڵز ستراتیژییەکی درێژخایەنتری هەیە و داوای گشتپرسی دەستبەجێ ناکات.



