رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیاسایەکی نوێ لە پەرلەمانی ئۆکراینا ئامادەکراوە بۆ بە یاساییکردنی دروستکردنی ناوەڕۆکی سێکسی، کە ئامانج لێی کۆکردنەوەی باج و تەرخانکردنیەتی بۆ بەهێزکردنی سوپا لە شەڕی دژ بە رووسیا.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی سێکسی لە ئۆکراینا بەپێی یاسا قەدەخەیە و هەر کەسێک بیکات تاوەکو حەوت ساڵ زیندانی سزادەدرێت. بەڵام ئەم قەدەخەکردنە نەبووەتە هۆی راگرتنی، بەڵکو کردوویەتی بە سەرچاوەیەکی گەورەی گەندەڵی و بەرتیلدان بە بڕیار بەدەستان و پۆلیس.
یارۆسلاڤ ژێلێزنیاک، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی ئۆکراینا و داڕێژەری پرۆژەیاساکە رایگەیاندووە، بەیاساییکردنی ئەم کەرتە دەکرێت ساڵانە تاوەکو 25 ملیۆن دۆلار داهاتی باج بۆ دەوڵەت دەستەبەر بکات.
بە گوتەی یارۆسلاڤ، ئەم بڕە پارەیە دەتوانێت تێچووی 30 هەزار درۆن دابینبکات.
پرۆژەیاساکە لە تەممووزی ئەمساڵ خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان تێپەڕاندووە و چاوەڕێی خوێندنەوەی دووەم دەکات.
کێشەی یاسایی و دارایی
کۆمپانیای دروستکەری ئۆنلی فانس بە دەسەڵاتدارانی ئۆکراینای راگەیاندووە، تەنیا لە ساڵی 2023دا، نزیکەی حەوت هەزار و 900 دروستکەری ناوەڕۆکی سێکسیی ئۆکراینی زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلاریان لە سەکۆکەیانەوە پەیدا کردووە، بەبێ ئەوەی باجیان لێ وەربگیرێت.
ئۆنلی فانس پلاتفۆرمێکە و خەڵک دەتوانن هەژماری تێدا دروستبکەن. خەڵک بە پارەدان دەتوانن بەرهەم و بڵاوکراوەکانی هەژمارەکانی دیکە ببینن.
کاتێک حکومەت داوای رادەستکردنی باجی لەو ئەکتەرانە کردووە، پێشکەشکردنی داواکارییەکان بووە بەڵگەی تاوانبارکردنیان بۆ بەرهەمهێنانی پۆرنۆگرافی و رووبەڕووی هەڵکوتانە سەر و دەستبەسەرداگرتنی ماڵەکانیان بوونەوە. لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، پۆلیس دەستی بەسەر 200 هەزار دۆلاری دروستکەرێکی ناوەڕۆکی سێکسی بەناوی سڤیتلانا دڤۆرنیکۆڤادا گرت، کە بۆ باجدان هەڵیگرتبوو و دواتر داوای بەرتیلیان لێکردبوو بۆ گەڕاندنەوەی.
لەسەر ئەم بابەتە، لێسیا میخالێنکۆ، پارێزەری باج گوتی: "ئەمە تاوانێکە کە هیچ قوربانییەکی نییە و تەنیا بارگرانییەکی ناپێویست دەخاتە سەر سیستەمی دادوەری، لە کاتێکدا دەبێت تەواوی سەرنج و توانامان لەسەر بەرگریکردن بێت لە وڵات."
کاریگەری لەسەر بەرگریی ئۆکراینا
بەگوێرەی حکومەتی کیێڤ، ئۆکراینا ساڵانە پێویستی بە 120 ملیار دۆلارە بۆ تێچووی سەربازی، لە کاتێکدا 25 ملیۆن دۆلار بڕێکی بچووکە، بەڵام پەرلەمانتاران پێیانوایە گرنگییەکەی لەوەدایە کە ئەو پارەیەی ئێستا دەچێتە جانتای پۆلیسی گەندەڵەوە، راستەوخۆ ئاڕاستەی سەنگەرەکانی بەرگری بکرێت.
دڤۆرنیکۆڤا خۆی کە 900 هەزار دۆلار باجی داوە، سەردانی ڤلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینای کردووە و داواکارییەکی بە 25 هەزار واژۆوە پێشکەش کردووە. زیلینسکی بەڵێنی داوە کە پەرلەمان تاوتوێی بەیاساییکردنی بکان و لە ئێستاشدا دۆسیە سزاییەکەی دڤۆرنیکۆڤا راگیراوە و پارەکەشی بۆ گەڕێنراوەتەوە.
خاوەن ستۆدیۆیەکی وێبکام لە شاری لڤیڤ ئاماژەی بەوە کرد، بەیاساییکردنی تەواوەتی ئەم کەرتە دەتوانێت داهاتی باجی کەرتی کارەکەی تاوەکو 20 هێندە زیاتر بکات و گوتی: "نامەوێت وڵاتەکەم پارە و چەک لە وڵاتانی دیکە بکڕێت؛ ئەگەر بهێڵدرێت ئەم پیشەسازییە گەشە بکات، دەتوانین هاوکاری ئۆکراینا بکەین تاوەکو خۆی تێچووەکانی پڕبکاتەوە."


