رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا 115 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 130 ملیۆن دۆلار) وەک هاوکاریی فریاگوزاری بداتە ئیسپانیا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکانی و رێکخستنی گەڕانەوەی کۆچبەران، ئەوەش دوای ئەو شەپۆلە گەورەیەی کۆچ کە رووی لە ناوچەی سیوتا کرد.
هێنا ڤیرکونن، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، دۆخی سیوتا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا و گوتی: "پابەندین بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و گەرەنتیی گەڕانەوەی خێرای ئەو کەسانە دەکەین کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سیوتا ماونەتەوە."
ئەم هاوکارییە دوای ئەوە دێت، لە رۆژانی 30 و 31ـی تەممووزی رابردوودا، زیاتر لە 70 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە دزەیان کردە ناوچەی سیوتای سەر بە ئیسپانیا. لەو شەپۆلەدا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، کە زۆربەیان لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بەنێو دەریا و مەلەکردن لە دەوروبەری بەربەستەکاندا خنکان.
بەپێی راگەیێندراوی برۆکسل، ئەم بودجەیە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئەمنی بەکاردێت، لەوانە کڕینی کامێرای گەرمی، سیستمی ئاگادارکەرەوەی دەریایی و درۆنی ژێر ئاو. هەروەها بەشێکی پارەکە بۆ دروستکردنی ناوەندی تایبەت بە پشکنینی دۆخی کۆچبەران و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان خەرج دەکرێت.
لەسەر ئاستی سیاسی، قەیرانی سیوتا بووەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا؛ بەتایبەت لەنێوان حکومەتە چەپڕەوەکەی ئیسپانیا و حکومەتە راستڕۆ تووندڕەوەکەی ئیتاڵیا کە رێکاری تووندی سنوورییان گرتووەتەبەر. هاوکات، دادگەی باڵای تاوانەکانی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئەو شەپۆلە کۆچە دەستپێکردووە و گومانی ئەوە دەکات کە پۆلیسی مەغریب بە ئەنقەست رێگەی بۆ کۆچبەران خۆش کردبێت.
سیوتا و مێلیلیا دوو ناوچەی ئیسپانیاین کە دەکەونە باکووری ئەفریقا و تاکە سنووری زەوینیی یەکێتیی ئەورووپان لەگەڵ ئەو کیشوەرەدا. لە ساڵانی رابردوودا ئەم دوو شارە چەندین جار رووبەڕووی شەپۆلی گەورەی کۆچبەران بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە مەدرید و رەبات چەندین رێککەوتنی ئەمنی واژۆ بکەن بۆ رێگری لە پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا.


