رووداو دیجیتاڵ | تەکنەلۆجیا و ئابووری
کۆمپانیای گووگڵ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بە لانیکەم 13 ملیار یۆرۆ (واتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار) لە بواری ژێرخانی دیجیتاڵیدا لە فینلاند وەبەرهێنان دەکات، لەنێویاندا دروستکردنی داتاسەنتەر کە بۆ بەگەڕخستنی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنرێن.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە: "ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانی گووگڵە لە ئەورووپا و بەڵگەی پێشەنگبوونی فینلاندە لە بنیاتنانی بەرپرسیارانەی ژێرخانی ژیریی دەستکرددا." هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆژەکان "وزەی پاک"یش لەخۆدەگرن.
ئەم وەبەرهێنانە دروستکردنی داتاسەنتەر، ژێرخانی پاڵپشتیکار و چەندین هاوبەشی لەگەڵ شارەوانییەکانی هامینا، کایانی، موهۆس و ڤاڵا لەو وڵاتە لەخۆدەگرێت. ئەم ژێرخانە نوێیە دەبێتە سەرچاوەی وزە و پاڵپشتی بۆ چەندین خزمەتگوزاریی ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەی بواری تەکنەلۆجیا، لەوانەش چاتبۆتی ژیریی دەستکردی "جێمینای."
لێکەوتە ئابووری و ژینگەییەکان
گووگڵ دەشڵێت، وەبەرهێنانەکەی لە هەمان کاتدا پڕۆژەکانی پەیوەست بە وزەی پاک، سندووقی تایبەت بە ژینگە و کۆمەڵگە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی فرەچەشنیی ژینگەیی ناوخۆیی، کەرتی پەروەردە، توێژینەوە و پێگەیاندنی هێزی کار دەگرێتەوە.
گووگڵ لە ساڵی 2009ـەوە کاتێک کارگەیەکی کۆنی کاخەزی لە شاری هامینا کڕی و کردییە داتاسەنتەر، هەنگاو بە هەنگاو ئامادەیی خۆی لەو وڵاتەدا بەهێزتر کردووە. پێشبینی دەکرێت ئەم وەبەرهێنانە نوێیانە لە ساڵانی 2027 و 2028 دەست پێبکەن.
دوای تەواوبوونی قۆناخی دروستکردنیش، بەڕێوەبردنی ئەم ژێرخانە دیجیتاڵییە ساڵانە نزیکەی حەوت هەزار هەلی کار دەپارێزێت و فەراهەمیان دەکات، لەوانە: کارمەندانی نێو دامەزراوەکان، ئەرکە تەکنیکییەکان، دابینکەرانی ئامێر و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها ئەو فرۆشگە، رێستۆرانت و ناوەندە خزمەتگوزارییە ناوخۆییانەی کە پشتیان بەو کارمەندانە و خێزانەکانیان بەستووە.
بۆچی فینلاند بووەتە ناوەندی داتاسەنتەرەکان؟
فینلاند بەهۆی کەشوهەوا ساردەکەی و هەبوونی کارەبایەکی تاڕادەیەک هەرزان و جێگیر لە رێگەی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی و هێزی با و پەستانی ئاوەوە، لەم ساڵانەی دواییدا بووژانەوەیەکی گەورەی لە کەرتی داتاسەنتەرەکاندا بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا دەیان سەنتەری لەو جۆرە خەریکە دروست دەکرێن.
راکێشانی ملیاران یۆرۆ لە وەبەرهێنانی بیانی بۆ کەرتی تەکنەلۆجیا، یەکێک بووە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەکەی ئۆرپۆ، بەتایبەت لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لەم دواییانەدا رووبەڕووی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری بووەتەوە.



