رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە شەڕی بازرگانیی نێوان وڵاتەکەی و کەنەدای قووڵتر کردەوە و لە رێگەی واژۆکردنی چەند فەرمانێکی نوێوە، هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان و چەندین بەرهەمی دیکەی کەنەدای قەدەخە کرد و پێناسی گومرگیی سەر ژمارەیەکی دیکە لە کاڵاکانی ئەو وڵاتەی بەرزکردەوە. لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، پاشەکشە ناکەن و بێدەنگ نابن.
بەپێی بڕیارە کارگێڕییەکانی کۆشکی سپی، لە 15ی ئەیلوولەوە پێناسێکی گومرگی بە رێژەی 50% بەسەر ژمارەیەک لە بەرهەمە پیشەسازی و بازرگانییەکانی کەنەدادا دەسەپێندرێت. هاوکات لە 29ی هەمان مانگەوە قەدەخەی سەر هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان و چەند بەرهەمێکی شیرەمەنی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە کەنەدا لە وەڵامی بڕیارێکی پێشووتری واشنتندا، پێناسی گومرگیی بە بەهای 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی (27.6 ملیار دۆلاری کەنەدی) بەسەر هاوردەی پۆڵا، ئەلەمنیۆم و شیرەمەنییەکانی ئەمریکادا سەپاند.
"باجی بێدەنگبوون لە باجی رووبەڕووبوونەوە زیاترە"
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڵوێستی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی، "ئێمە هەموو ئەو توانایانەمان هەیە کە پێویستن بۆ گۆڕینی ئاراستەی ئابووریمان و بەدەستهێنانی گەشەسەندن."
کارنی دانی بەوەدا نا کە کەمکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا تێچووی دارایی بۆ وڵاتەکەی دەبێت، بەڵام گوتی، "ئەم هەنگاوە باجی خۆی دەبێت؛ هەموو هەنگاوێک تێچووی هەیە، بەڵام باجەکەی بە هیچ شێوەیەک ناگاتە باجی بێدەنگبوون و دەستەوەستانی."
هەڕەشە لە گرێبەستە حکومییەکان و کەرتی فڕۆکەوانی
لە بەشێکی دیکەی گوشارەکانیدا، ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە رێگری لە کۆمپانیا کەنەدییەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا، بە تایبەت لە چوارچێوەی بەرنامەی گرێبەستە درێژخایەنەکانی فەرمانگەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کە ساڵانە بەهاکەی زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە.
هەروەها ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەکانی کۆمپانیای بەناوبانگی کەنەدی (بۆمباردییە)ـی کردووە، مەگەر ئەوەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەکانی بگوازێتەوە بۆ نێو خاکی ئەمریکا. لە بەرامبەردا، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە دەیان هەزار هەلی کاری لە زیاتر لە 20 ویلایەتی ئەمریکادا دابین کردووە.
لێکترازانی دانوستاندنەکان و گرژییە سیاسییەکان
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ لە 21ـی ئابدا گەیشتنە بنبەست، کاتێک دانوستاندنەکانیان لە واشنتن شکستیان هێنا. کارنی ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندنکارانی ئەمریکا لە دوا ساتەکاندا مەرجی نائاساییان بۆ سنووردارکردنی رێککەوتنە بازرگانییەکانی کەنەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە هێناوەتە پێشەوە و مەترسییان بۆ سەر زمانی فەرەنسی و "کولتووری هەرێمی کیوبیک" دروستکردووە.
گرژییەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئابووریدا نەماونەتەوە؛ ترەمپ چەند رۆژ لەمەوبەر وێنەیەکی دەستکاریکراوی لە کاتی یاریی هۆکیدا بڵاوکردەوە کە تێیدا زاڵە بەسەر مارک کارنیدا و نووسیبووی، "حاکم، هەستە سەر پێ"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە خوازیارە کەنەدا بکاتە ویلایەتێکی ئەمریکا. هەروەها ترەمپ لە مانگی ئابدا بڕیارێکی واژۆ کرد بۆ گۆڕینی ناوی دەریاچەی سنووریی (ئۆنتاریۆ) بۆ (دەریاچەی ئەمریکا)، کە ئەوەش کاردانەوە و تووڕەییەکی گەورەی لە کەنەدا بەدوای خۆیدا هێنا.
ئابووریی کەنەدا بە رادەیەکی زۆر پشت بە ئەمریکا دەبەستێت، بە جۆرێک 60%ـی هاوردە و 70%ـی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕەکانی ئەمریکایە. بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم قەیرانە بەسەر کەرتی پیشەسازی و کارگەکاندا، حکومەتی کەنەدا پاکێجێکی فریاگوزاریی بە بەهای 7.5 ملیار دۆلاری کەنەدی (5.4 ملیار دۆلاری ئەمریکی) بۆ هاوکاریکردنی کارگە و کرێکارە زیانلێکەوتووەکان راگەیاندووە.
.jpg&w=3840&q=75)


