رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی شکستی پارتییەکەی لە هەڵبژاردنی هەرێمی زاکسن ئەنهاڵت لە بەرامبەر پارتی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا)ـی راستڕۆ، تووشی "شۆکێکی گەورە" بووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر ئەو رێچکەیەی بۆ چاکسازی گرتوویەتییە بەر بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2026، فرێدریش مێرتس دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گوتی، "ئەمە گەورەترین شکستی هەڵبژاردنە کە پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا لە چەندین دەیەی رابردوودا تووشی بووبێت، بێگومان ئەمەش لێکەوتەی خۆی دەبێت." پارتی کریستیان دیموکرات تەنیا 17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە بە دژایەتی کۆچبەران و دۆستایەتی رووسیا و ترەمپ ناسراوە، توانی نزیکەی 44%ـی دەنگەکان بباتەوە.
ئالیس فیدێڵ، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا هێرشی توندی کردە سەر مێرتس و بە "بارگرانی بۆ ئەڵمانیا" ناویبرد. لە بەرامبەردا مێرتس ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای گوشارەکان، رێبازی خۆی ناگۆڕێت و لە هاوکاریکردنی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "من تەنانەت یەک ملیمەتریش لەو باوەڕە بنەڕەتییەم پاشەکشە ناکەم کە دەبێت بەرگری لە ئازادیمان بکەین لە دژی رووسیا."
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و ترسی کۆچبەران
ئەم سەرکەوتنەی راستڕۆکان لەلایەن کەسایەتییە جیهانییەکانی وەک ئیلۆن مەسک و ریچارد گرینێڵ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەڵمانیا پێشوازیی لێکرا. گرینێڵ ئەم ئەنجامەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە و رۆژێکی نوێ بۆ ئەڵمانیا" ناوبرد.
لە لایەکی دیکەوە، سەرکەوتنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ترسی لە نێو کۆمەڵگەی کۆچبەران و کەمینەکان دروستکردووە، بەوپێیەی ئەو پارتە بەڵێنی داوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان دەستپێبکات.
کۆچبەرێکی ئەفغانی کە لە ساڵی 2015ـەوە لە ئەڵمانیا دەژی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "من لێرە دوو منداڵم هەیە، زۆر دەترسم، چی روودەدات ئەگەر ناچار بکرێم لێرە بڕۆم؟"
سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییانە، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە مێرتس و هاوپەیمانییەکەی تاوەکو ساڵی 2029 لە دەسەڵات دەمێننەوە، چونکە لەم کاتەدا هیچ پێگۆڕێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی حکومەتەکەی مێرتس لە ئارادا نییە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی زاکسن ئەنهاڵت کە لە 6ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا. رێژەی بەشداریی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە 77.8%، کە تێیدا ململانێ لەسەر 83 کورسیی پەرلەمانی هەرێمەکەکرا و ئەنجامەکان وەرچەرخانێکی گەورەیان لە نەخشەی سیاسیی ئەڵمانیادا دروستکرد.
بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانی 43.8%ـی دەنگەکان و 39 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. لە پلەی دووەمدا پارتی کریستیان دیموکرات دێت کە 17.2%ـی دەنگەکان و 15 کورسی بەدەستهێنا، دوای ئەویش پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی بە 9.3% و 8 کورسی دێت. هەروەها پارتی سەوز 8.9%ـی دەنگەکان و 8 کورسی، پارتی چەپ 8.6%ـی دەنگەکان و 8 کورسی، و هاوپەیمانی سارا ڤاگنکێنشت 5.3%ـی دەنگەکان و 5 کورسییان لە نێو پەرلەمانی هەرێمەکە مسۆگەر کرد.



