رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێ، نێردە تایبەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گفتوگۆکانی تایبەت بە ئۆکراینا، لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممەیان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە مۆسکۆ، تاوتوێی "پلانێکی بایەخدار"یان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 6ی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتی، ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر، نێردەکانی سەرۆکی ئەمریکا، لە دیدارەکەیان لە مۆسکۆ لەگەڵ پووتین هەنگاوە سەرەکییەکانی رێککەوتنی ئاشتییان تاوتوێ کرد کە بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا وردەکارییەکەی ئاشکرا بکرێ.
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، نێردەکان چاوەڕێی کۆبوونەوەی هاوشێوەی "بەرهەمدار" دەکەن لە شاری کیێڤ لەگەڵ سەرکردایەتیی ئۆکرانیا کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێ.
ئەم سەردانە لە کاتێکدا دێت کە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشتر رایگەیاندبوو، کیێڤ لای خۆیەوە هێرشە ئاسمانییەکانی رادەگرێ و لەگەڵ مۆسکۆش هاوئاهەنگی کراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی تاوەکو دانوستاندنکارانی ئەمریکا بە سەلامەتی بگەنە ناوچەکە.
ئیدارەی ترەمپ لە هەفتەکانی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردوونەتەوە تاوەکو کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا بهێنێت کە لە ساڵی 2022ەوە بەردەوامە.
ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر وەک نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی لەم هەوڵەدا رۆڵەکە دەگێڕن.
زیلینسکی گوتی، کیێڤ ئامادەیە تاوتوێی پێشنیازە جیدییەکان بکات تاوەکو لەسەر بنەمای بژارەی گونجاو، کۆتایی بە جەنگ بهێندرێ بەر لە هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا، واتە پێش 3-11-2026.


