رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی یۆنان (ANA) بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆری فانتۆم لە بنکەیەکی دەرەوەی ئەسینای پایتەخت و لە کاتی بەڕێوەچوونی نمایشێکی ئاسمانیدا تێکشکاوە، بەهۆیەوە هەردوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستداوە.
هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە تاوەکو ئێستا بە تەواوی روون نییە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە کردووە، فڕۆکەوانەکان نەیانتوانیوە بە پەڕەشوت خۆیان لە نێو فڕۆکەکە هەڵبدەنە خوارەوە.
رۆژی شەممە 05-09-2026 پەیامنێرێکی کەناڵی فەرمیی (ERT)ـی یۆنان کە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بووە رایگەیاند، فڕۆکەکە تازە فڕیبوو کاتێک لەپڕ کەوتە خوارەوە.
رووداوەکە لە بەردەم هەزاران کەس لە بینەرانی نمایشی ساڵانەی (هەفتەی فڕینی ئەسینا) روویداوە و دەستبەجێ دوای کەوتنەخوارەوەکە، تەقینەوەیەک لە فڕۆکەکەدا دروستبووە. کەناڵی ERT ئاماژەی بەوەش کرد، چەند فڕۆکەیەکی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی ناوچەکە کراون بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەکەوە کەوتووەتەوە.
دوای رووداوەکە، نمایشی ئاسمانییەکە هەڵوەشێنرایەوە و نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان گەشتێکی بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی تێسالۆنیکی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات.

