رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سۆماڵ رۆژی شەممە رایگەیاند، دوای پێکدادانێکی چەند رۆژە، هێزی دەریایی تورکیا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سۆماڵ، توانییان کەشتییەکی رفێندراو لە سنوورە ئاوییەکانی سۆماڵ رزگار بکەن و 14 چەتەی دەریاییش بکوژن.
لە راگەیێندراوێکی حکومەتی سۆماڵدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنە 10 رۆژییەکەدا، چوار بەلەمی چەتە دەریاییەکان تێکشکێندران و 14 چەتەش کوژران."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "گوشارە بەردەوامە سەربازییەکان لە کۆتاییدا ئەو چەتانەی کە مابوونەوە ناچار کرد کەشتییەکە جێبهێڵن." دەشڵێت: "دواتر هێزەکان کەشتیی (MV LATUF)ـیان کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش بە سەلامەتی دەستیکردووەتەوە بە گەشتەکەی خۆی."
ماڵپەڕی (Marine Traffic)ـی تایبەت بە چاودێریکردنی کەشتیوانی دەریدەخات کە کەشتییەکە، کە ئاڵای کامێرۆنی بەرزکردووەتەوە، لە کۆتایی مانگی تەممووزدا لە تورکیاوە بەرەو بەندەری داروسەلام لە تەنزانیا بەڕێکەوتووە.
بەپێی راپۆرتی میدیا نێودەوڵەتییەکان، ئەم کەشتییە چەکی تورکیی هەڵگرتووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نێوان تورکیا و سۆماڵ، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی هاوکاریی بەرگریی نێوان هەردوو وڵاتدا کراوە.
لە ساڵانی 2000ـەکاندا چەتەگەریی دەریایی لە کەناراوەکانی سۆماڵ بڵاوبووەوە و لە ساڵی 2011ـدا گەیشتە لووتکە، بەر لەوەی بەهۆی جێگیرکردنی هێزە دەریاییە نێودەوڵەتییەکان و رێکارە نوێیەکانی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانەوە کەم ببێتەوە.
بەڵام لە مانگی نیسانەوە جارێکی دیکە هێرشەکان سەریانهەڵداوەتەوە و لانیکەم پێنج کەشتیی بارهەڵگر بۆ پارە دەستبەسەرکراون، کە دوایینیان لە رۆژی 20ی ئاب لە کەناراوەکانی یەمەن رفێندران.
.webp&w=3840&q=75)


