رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی شاهانەی نەرویج رایگەیاند، هاراڵدی پێنجەم پاشای نەرویج لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و شازادەی جێنشین هاکۆنی تەمەن 53 ساڵ، کە کوڕی پاشای کۆچکردووە، راستەوخۆ بووە پاشای نوێی وڵاتەکە.
رۆژی هەینی 28ـی ئابی 2026، کۆشکی شاهانە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە دڵتەنگییەکی قووڵەوە رایدەگەیێنێن کە جەنابی پاشا هاراڵد ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد. شا هاراڵد رۆژی هەینی، 28ـی ئاب، کاژێر 6:35ـی بەیانی بە ئارامی لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆسلۆ کۆچی دواییکرد."
پاشا هاراڵد بە بەتەمەنترین پاشای سەر تەختی شاهانەی ئەورووپا دادەنرا، لە 17ـی ئابەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئۆسلۆ خەوێندرابوو، بەهۆی تووشبوونی بە جۆرێک لە کەمخوێنی کە دەبێتە هۆی تێکشکانی خێرای خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ماندوێتی و تەنگەنەفەسی.
رۆژی پێنجشەممە خێزانی شاهانە بەپەلە خۆیان گەیاندە لای پاشا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆشک رایگەیاند، تەندروستیی هاراڵد ناجێگیرە.
پاشا هاراڵد لە ساڵی 1991ـەوە تەختی شاهانەی نەرویجی گرتبووە دەست، لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەیناڵاند، ئەمەش ناچاری کرد ئامێری رێکخەری لێدانی دڵی بۆ دابنرێت و کارە فەرمییەکانی کەم بکاتەوە. بەڵام هەمیشە وازهێنانی لە تەختی شاهانە رەتدەکردەوە و دەیگوت کە سوێندی هەمیشەیی لەبەردەم پەرلەمانی نەرویجدا خواردووە.
ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ لە ئاڵۆزی بوو بۆ خێزانی شاهانەی نەرویج.
لە مانگی شوباتدا، پاشا هاراڵد بەهۆی هەوکردن و وشکبوونەوەی جەستەیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
هاوسەرەکەیشی ئەویش تەمەنی 89 ساڵە، لە مانگی ئایاردا بەهۆی کێشەی دڵەوە بۆ ماوەیەکی کورت لە نەخۆشخانە خەوێندرا.
مێت مارینی هاوسەری هاکۆنی کوڕی بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسی کۆچکردووی ئەمریکی، رووبەڕووی رەخنە بووەوە.
بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان لە مانگی کانوونی دووەم لە ئەمریکا دەریانخستووە کە پەیوەندییەکی بەردەوام و هەندێکجاریش نزیک لە نێوان مێت مارین و ئێپستیندا هەبووە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2014، لە کاتێکدا ئەو سەرمایەدارە ئەمریکییە پێشتر سزا درابوو.



