رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن رایگەیاند، چیدیکە باڵیۆزیان لە بەریتانیا نییە و لەندەنیش بە تێکدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات تۆمەتبار دەکات.
رۆژی یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، مۆسکۆ ئەندرێ کیلین، باڵیۆزەکەی لە لەندەن کشاندووەتەوە بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر بەریتانیا تاوەکو پێداچوونەوە بە پشتگیرییەکانی بۆ ئۆکراینا بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، کیلین لە 21ـی تەممووزدا پۆستەکەی بەجێهێشتووە و تاوەکو ئێستا مۆسکۆ هیچ کەسێکی بۆ شوێنگرتنەوەی دیاری نەکردووە.
باڵیۆزخانەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا لە تێلیگرام گوتی، "کۆتاییهاتنی ئەرکی ئەندرێ کیلین وەک باڵیۆزی رووسیا لە بەریتانیا، بەو واتایە نایەت کە لایەنی رووسی بیەوێت ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کەم بکاتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "سەبارەت بە پەیوەندییەکانی رووسیا و بەریتانیا، لە هەموو بوارەکاندا گەیشتوونەتە نزمترین ئاست کە پێشتر وێنەی نەبووە، ئەمەش بە تەواوی بە دەسپێشخەریی لەندەن بووە."
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەوبارەیەوە ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەمە بابەتێکی پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و ئەوان باڵیۆز و باڵیۆزخانەی خۆیان لە مۆسکۆ هەیە بۆ گفتوگۆکردن. هەروەها گوتی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا کە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هێرشە نایاساییەکانی رووسیا."
هاوکات مۆسکۆ هۆشداری دایە لەندەن کە "باجێکی قورس" دەدات، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی درۆنی دروستکراوی بەریتانیا لەلایەن ئۆکرایناوە بۆ هێرشکردنە سەر قوڵایی خاکی رووسیا. باڵیۆزخانەی رووسیا بەریتانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە بووەتە "هاوبەش و هاوکار" لەو هێرشانەدا.
بەریتانیا یەکێکە لە گەورەترین پشتگیریکارانی ئۆکراینا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا لە ساڵی 2022، تاوەکو ئێستا نزیکەی 25 ملیار پاوەند (33 ملیار دۆلار) هاوکاری پێشکەش بەو وڵاتە کردووە کە 16 ملیار پاوەندی هاوکاری سەربازی بووە.



