رووداو دیجیتاڵ
ڤلۆدیمیر زیلینسکی،
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئۆکراینا و رووسیا بە جیا سەرقاڵی دروستکردنی
سیستمی جێگرەوەن بۆ ستارلینک، کە سیستمێکی مانگی دەستکردە، لە ئاسمانەوە ئینتەرنێت
بۆ زۆربەی ناوچەکانی گۆی زەوی دابین دەکات و رووسیا و ئۆکرایناش بۆ پەیوەندییەکانی
نێو گۆڕەپانی جەنگ بەکاریدەهێنن، بەڵام لە کۆتاییدا دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی لە
دەستی ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و خاوەنی کۆمپانیاکەدایە.
ساڵی رابردوو، ئیلۆن
مەسک بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، دەستگەیشتنی هێزەکانی رووسیای بە مانگە دەستکردەکانی
ستارلینک سنووردار کرد. شارەزایان دەڵێن، پێدەچێت ئەم هەنگاوە بووبێتە هۆی پشێوی
لە فەرماندەیی تەکتیکیی هێزەکانی رووسیا و توانای هێرشبردنیانی سنووردار کردبێت.
لە لێدوانێکدا کە رۆژی
یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، زیلینسکی گوتی: "رووسەکان لەگەڵ چینییەکان خەریکی
دروستکردنی سیستمێکن هاوشێوەی ستارلینک و پێیانوایە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی
2026 پڕۆژەکەیان ئامادە دەبێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە
کرد کە ئۆکرایناش "تەنیا دانانیشێت و چاوەڕێی رووسیا و چین ناکات،" بۆیە
"لەگەڵ وڵاتێکی ئەورووپا پڕۆژەیەکی هاوشێوە جێبەجێ دەکەین و دەستیشمان بە
تاقیکردنەوەی کردووە."
ئێستا ئۆکراینا
هەوڵدەدات رەزامەندی لە ئیلۆن مەسک و ئیدارەی ئەمریکا وەربگرێت بۆ بەکارهێنانی
مانگە دەستکردەکانی ستارلینک لە ئۆپەراسیۆنەکانی نێو خاکی رووسیادا.
لەوەتەی هێرشەکانی
رووسیا لە ساڵی 2022ـەوە دەستیان پێکردووە، ئیلۆن مەسک چەندین جار هەڵوێستی خۆی
بەرامبەر بە ئۆکراینا گۆڕیوە. بەپێی راپۆرتەکان، پەیوەندییەکانی ئۆکراینا لەگەڵ
مەسک لەلایەن میخایلۆ فیدۆرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگرییەوە بەڕێوەدەبران، کە بەم
دواییانە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
زیلینسکی گوتی، مەسک
پێیوایە رێگەدان بە بەکارهێنانی ستارلینک لەسەر ئاسمانی رووسیا، بە واتای هەڵکشانی
جەنگەکە دێت، بەڵام ئۆکراینا پێداگری دەکات کە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ
کورتکردنەوەی ململانێکان. زیلینسکی گوتی: "لە راستیدا ئەمە دەبێتە هۆی
کەمکردنەوەی ئەو توانایانەی کە رووسیا بۆ درێژەکێشانی جەنگەکە بەکاریان دەهێنێت."
لە بەشێکی دیکەی
قسەکانیدا، زیلینسکی باسی لەوە کرد کە کیێڤ هەوڵدەدات سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی
بالیستیکی رووسیا بکاتە ئامانج، چونکە مۆسکۆ بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکانەی چڕتر
کردووەتەوە، کە تەنیا دەتوانرێت لە رێگەی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکییەوە
تێکبشکێندرێن.
سەرۆکی ئۆکراینا
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2023ـدا وڵاتەکەی 675 مووشەکی پاتریۆتی پێگەیشتووە،
بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2025ـدا بۆ 364 مووشەک و لە ساڵی 2026ـیشدا بۆ تەنیا
264 مووشەک دابەزیوە.
زیلینسکی گوتیشی: "کاتێک مووشەکی دژە بالیستیمان کەم دەکەنەوە
- لێرەدا تەکتیکێکی دیکە بەکاردەهێنین... ئەویش راوکردن و بەئامانجگرتنی ئەو
شوێنانەیە کە لە نزیکەوە مووشەکە بالیستیکییەکانی لێوە دەتەقێنرێن."


.jpg&w=3840&q=75)
