رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، بوومەلەرزەیەکی مامناوەند ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند، لەنێویاندا شاری تۆکیۆی پایتەخت. بەرپرسان دەڵێن بەهۆی رووداوەکەوە زیاتر لە 30 کەس بریندار بوون کە برینی زۆربەیان سووکە و هیچ مەترسییەکی دروستبوونی سوونامی لە ئارادا نییە.
بەپێی دەستەی کەشوهەوای ژاپۆن، گوڕی بوومەلەرزەکە 5.9 پلەی رێختەر بووە و چەقەکەی لە قووڵایی 70 کیلۆمەتردا بووە لە باشووری پارێزگای ئیباراکی. لە کاتێکدا سەنتەری رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا گوڕەکەی بە 5.8 پلە تۆمار کردووە.
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و ئاگرکوژێنەوەی ژاپۆن رایگەیاند، لانیکەم 37 کەس لە پێنج پارێزگای جیاوازی ناوچەکە بریندار بوون؛ کە 15 کەسیان لە تۆکیۆ، 9 لە سایتاما، 8 لە کاناگاوا، 4 لە چیبا و یەک کەسیش لە ئیباراکی بووە.
زۆربەی بریندارەکان بەهۆی ئەوەوە بووە کە لە کاتی خەودا بوومەلەرزەکە ترساندوونی و لەپڕ هەستاونەتەوە، بەو هۆیەوە کەوتوون یان خۆیان کێشاوە بە دەرگا و کەلوپەلەکانی ماڵەوەدا. بۆ نموونە؛ ژنێکی تەمەن 80 ساڵان لە شاری یۆکۆهاما لەسەر جێگەکەی کەوتووەتە خوارەوە و بەسەختی قاچ و حەوزی بریندار بووە.
گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ کە لە کاتی رووداوەکەدا لە ناوەندێکی بازرگانی بووە لە تۆکیۆ، دەڵێت تەنیا چەند چرکەیەک دوای ئەوەی مۆبایلەکەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی بوومەلەرزەی لێداوە، هەستی بە لەرزینێکی قورس کردووە و ترساوە شتومەکی نێو مارکێتەکەی بەسەردا بکەوێت.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، ئەو شەمەندەفەرە خێرایانەی دەچنە فڕۆکەخانەی ناریتا و هێڵە ناوخۆییەکانی دیکە کەمێک دواکەوتن، بەڵام شەمەندەفەرە خێراکان کە پێیان دەگوترێت "شەمەندەفەری گوللـەئاسا" بێ کێشە بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
لە رۆژهەڵاتی تۆکیۆ بۆرییەکی ژێر زەوی تەقی و ئاوێکی زۆر رژایە سەر شەقامەکە، بەڵام بەپەلە چاککرایەوە.
دەستەی رێکخستنی ئەتۆمی دڵنیایی دا کە هیچ زیانێک بەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو ناوچەیە نەکەوتووە.
سەنای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، دەستەیەكی فریاگوزارییان پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان. لەلایەکی دیکەشەوە دەستەی کەشوهەوا داوای لە هاووڵاتییان کرد بۆ ماوەی هەفتەیەک وریابن، چونکە ئەگەری هەیە بوومەلەرزەیەکی دیکەی مامناوەند رووبدات.
مانگی رابردوو بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێز بە گوڕی 7.1 پلەی رێختەر دوورگەی کیووشووی لە باشووری ژاپۆن هەژاند، کە بەهۆیەوە 38 کەس گیانیان لەدەستدا و 364 کەسیش بریندار بوون.



