رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیارێکی حکومەتی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە کە رێگری لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی 75 وڵات دەکرد بۆ نیشتەجێبوون لە ئەمریکا؛ ئەمەش وەک گورزێک بۆ سیاسەتە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ لە بواری کۆچبەریدا دەبیندرێت.
جینێت ڤارگاس، دادوەر لە دادگەی ناوچەی باشووری نیویۆرک، لە بڕیارێکدا ئەو سیاسەتەی حکومەتی بە "پێچەوانەی یاسا" ناوبرد و گوتی، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دەرکردنی ئەو بڕیارەدا "دەسەڵاتی یاسایی" خۆی تێپەڕاندووە.
ئەو بڕیارە کە لە مانگی کانوونی دووەمەوە کەوتبووە بواری جێبەجێکردنەوە، پڕۆسەی پێدانی ڤیزای کۆچبەریی بە هاووڵاتییانی 75 وڵات راگرتبوو، لەوانەش عێراق، ئێران، ئەفغانستان، بەرازیل، میسر، نێجیریا، سۆماڵ، تایلەند و یەمەن.
لەو کاتەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتبووی، بڕیارەکە بۆ ئەوەیە "دڵنیایی بدرێت کە کۆچبەرانی ئەو وڵاتانەی مەترسییان لێ دەکرێت، بە شێوەیەکی نایاسایی سوود لە هاوکارییە گشتییەکانی ئەمریکا وەرناگرن و نابنە بارگرانی لەسەر دەوڵەت."
بەڵام دادوەر ڤارگاس بڕیاری دا کە فەرمانبەری کونسوڵخانەکان بە هەڵە فەرمانیان پێ کراوە تەنیا لەبەر وەڵاتینامە و وڵاتی رەسەنی داواکارەکە، ڤیزاکەی رەت بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر داواکارەکە هەموو مەرجەکانی دیکەشی تێدا بووبێت.
بەپێی بڕیارەکەی دادگە، هەر رەتکردنەوەیەکی ڤیزا کە تەنیا پشتئەستوور بووبێت بەو بڕیارەی حکومەت، هەڵدەوەشێتەوە. حکومەت دەتوانێت تانە لەو بڕیارەی دادگە بدات.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو ملیۆنان کۆچبەری بێبەڵگەنامە دەربکات. دوای گەڕانەوەشی بۆ کۆشکی سپی، چەندین هەنگاوی بۆ خێراکردنی دیپۆرتکردنەوە و کەمکردنەوەی رێژەی پەڕینەوە لە سنوورەکان گرتووەتەبەر.



