رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، لە ئەنجامی چەند رووداوێکی هاتووچۆی مەترسیدار لە بەریتانیا و ئیرلەندا، 12 کەس گیانیان لەدەستدا؛ ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێن کە شۆفێری بە ئاراستەی پێچەوانەی شاڕێکاندا، بووەتە ترێندێکی نوێ لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و گەنجان بۆ کۆکردنەوەی بینەر، سەرکێشی بە ژیانی خۆیان و خەڵکەوە دەکەن.
پۆلیسی بەریتانیا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 22ـی ئابی 2026، لە ئەنجامی پێکدادانێکی بەهێز لەسەر شاڕێی (ئەی 66) لە نزیک شاری میدڵزبرۆ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا، کە دووانیان ئەفسەری پۆلیس بوون.
دەسەڵاتداران خەریکی لێکۆڵینەوەن لە وردەکاریی رووداوەکە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێکدادانەکە دوای ئەوە هاتووە کە پۆلیس بەدوای ئۆتۆمبێلێکی گوماناویدا کەوتووە، دواتر ئەو ئۆتۆمبێلە چووەتە ناو ئاراستەی پێچەوانەی شەقامەکە و کێشاویەتی بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا کە لە رێڕەوی دروستی خۆی بووە.
ئەم رووداوانە دوای کارەساتێکی هاوشێوە دێت لە ئیرلەندا، کە تێیدا پێنج مێردمنداڵ گیانیان لەدەستدا. ئۆتۆمبێلەکەی ئەو گەنجانە لە ئاراستەی پێچەوانەی شاڕێی (ئێم 9) لە رۆژئاوای شاری دوبلن دەڕۆیشت کاتێک رووبەڕوو کێشاویەتی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا. لە ئەنجامدا هەر پێنج مێردمنداڵەکە گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش لە ئۆتۆمبێلی دووەمدا، کە منداڵێکیان تێدایە، بەسەختی بریندار بوون.
مایکڵ مارتن، سەرۆکوەزیرانی ئیرلەندا، رەخنەی تووندی لەم دیاردەیە گرت و رایگەیاند: "هیچ جۆرە لێبووردەییەک بۆ ئەم رەفتارە بێباکانەیە نابێت کە لەم دواییانەدا لەسەر شەقامەکانمان دەبینرێت؛ پێویستە ئەم کارە دەستبەجێ رابگیرێت."
هەروەها جەستن کێڵی، بەڕێوەبەری پۆلیس، رایگەیاند، ئەم جۆرە رووداوانە لە زیادبووندان و گوتی: "ئەوەی ئەم رەفتارە بێباکانەیە قێزەونتر دەکات، ئەوەیە کە لە هەندێک حاڵەتدا تەنیا بۆ مەبەستی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن."
کێڵی ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەیەک پێشتریش لەسەر شاڕێی (ئێم 50) رووداوێکی هاوشێوە هەبووە کە ئۆتۆمبێلێکی دزراوی تێدا بووە و چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە.
لە سەرەتای مانگی ئابیشدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی دزراوەوە لەکاتی راوەدوونانی لەلایەن پۆلیسەوە تۆمارکرابوو؛ ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکان داوای رێکاری تووندتر بکەن بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە، کە ژیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە.



