رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا رێگەی چارەسەر بۆ جەنگی ئێران دانوستاندنە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەر رێککەوتنێکدا کە دەکرێ، پێویستە "بەرژەوەندییە" ئەمنییەکانیان لەبەرچاو بگیرێن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی فەرەنسا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران رایگەیاند، "بەردەوامین لە پشتگیریکردنی دانوستاندنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان کە تاکە رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام. فەرەنسا سوورە لەسەر گێڕانی رۆڵی خۆی لەم بوارەدا و لەم چوارچێوەیەشدا گفتوگۆی زۆر بونیاتنەرمان لەگەڵ هاوبەشانمان لە کۆمەڵەی حەوت و هاوبەشە هەرێمییەکانمان کردووە."
دوایین کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران رۆژی 21 و 22ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بوو کە تێیدا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی 60 رۆژی. بە گوێرەی بەرپرسانی هەردوولا، پرسی تەنگەی هورمز و بەڕێوەبردنی لە داهاتوودا دیارترین بەربەستەکانی گەیشتنن بە رێککەوتن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی فەرەنسا بە رووداوی راگەیاند: "هەر رێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێمە لەبەرچاو بگرێ. ئێمە هەمیشە زۆر روون بووین: دەبێت هەموو رەهەندەکانی هەڕەشەی ئێران لە رێگەی وەڵامدانەوەیەکی بەردەوامەوە چارەسەر بکرێن، ئەمەش چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران و کردەوە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە."
ئیسرائیل، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لە زیادبوونی توانای مووشەکی و ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ئێرانەوە نزیکن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنسا نەبووەتە هۆی هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە و لایەنێکیش نییە تێیدا. کارە لەپێشینەکەی ئێمە بریتییە لە رەخساندنی زەوینە بۆ کردنەوەی رێڕەوی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان"؛ گوتیشی: "فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ نزیکەی 30 هاوبەش کاردەکەن لەسەر ئەرکێکی سەربازیی فرەنەتەوەیی فراوانتر، سەربەخۆ و بە تەواوی بەرگرییکارانە کە بتوانرێ جێگیر بکرێت کاتێک مەرجە پێویستەکان هاتنە دی."
28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست.
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا هەناردەکردن لەو تەنگەیەوە 95% کەمیکردووە.



