رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئۆکراینا بڕیاری دا سزای ئابووری و یاسایی بەسەر بەرهەمهێنەرانی زنجیرە ئەنیمەیشنی بەناوبانگی جیهانی (ماشا و ورچەکە)دا بسەپێنێت، بە تۆمەتی ئەوەی ئەو ئەنیمەیشنە بیرۆکەکانی رووسیا بڵاودەکاتەوە و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئۆکراینا.
رۆژی پێنجشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا واژۆی لەسەر ئەم بڕیارە کرد.
سزاکان خراونەتە سەر:
• کۆمپانیای Animaccord کە بەرهەمهێنەری کاریکاتێرەکەیە.
• دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە.
• دەرهێنەر، سیناریست و هاوبەرهەمهێنەری زنجیرەی ماشا و ورچەکە.
بۆچی ئۆکراینا ئەم کاریکاتێرە سزا دەدات؟
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، ئەم ئەنیمەیشنە کە بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراوە و لە سەرانسەری جیهاندا منداڵان سەیری دەکەن، پارە و داهاتێکی زۆر بۆ رووسیا پەیدا دەکات و هەروەها پڕوپاگەندەکانی حکومەتی مۆسکۆ بڵاودەکاتەوە.
ڤلادیسلاڤ ڤلاسیوک، راوێژکاری سیاسەتی سزاکانی سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت: "دەبێت ئێمە وەڵامێکی تایبەتمان بۆ پڕوپاگەندەی رووسیا هەبێت، بەتایبەتی کاتێک ئەو پڕوپاگەندەیە ئاراستەی منداڵان دەکرێ و لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە گەورەکانەوە پەخش دەکرێ."
مێژوویەکی هاوشێوە لە بەریتانیا
سەرەتای ئەم هاوینە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری بەریتانیا نامەیەکی کراوەیان بۆ وەزیری کولتووری وڵاتەکەیان نارد و داوایان کرد کە ئەم ئەنیمەیشنە لە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردن لاببرێ، چونکە پێیانوابوو هەندێک بەشی ئەم بەرهەمە پڕوپاگەندەی رووسیای تێدایە.
کاردانەوەی کۆمپانیاکە و رووسیا
مێلانی بۆنڤیچینۆ، نوێنەری کۆمپانیای ئانیماکۆرد سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و بە "درۆ و ناوزڕاندن" ناوی بردن؛ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکەیان بەتەواوی سەربەخۆیە و هیچ پارە و هاوکارییەک لە حکومەتی رووسیا وەرناگرێ.
لە بەرامبەردا کۆشکی کرێملینی رووسیا رۆژی هەینی بەتووندی رەخنەی لەم بڕیارەی ئۆکراینا گرت و رایگەیاند، سزادانی کاریکاتێرێکی منداڵان "جارێکی دیکە ناشیرینیی رژێمی کیێڤ دەسەلمێنێت."
ئەنیمەیشنی ماشا و ورچەکە لەسەر بنەمای چیرۆکێکی فۆلکلۆری و میللی رووسیا دروستکراوە و یەکێکە لە پڕبینەرترین و بەناوبانگترین زنجیرەکانی مێژوو لە یوتیووب.


