رووداو دیجیتاڵ
دادگەی نورنبێرگ لە ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو رووداوی کوشتنەی کە لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2025 لە شاری (پارسبرگ) روویدا، بکوژەکە و کوژراوەکە لە سووریا لەدایکبوون. دادگەکە تۆمەتبارەکەی بە پاساوی "تۆڵەسەندنەوە" و "هۆکاری ناشایستە" بە کوشتنی ئامۆزاکەی خۆی تاوانبار کرد و سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپاند.
یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە کە تاوانەکەی تێدا روویداوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە گوتەی خەڵک، هەردوو ئامۆزاکە خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر بەهۆی ئەو رووداوەوە، شارەوانیی پارسبرگ مۆڵەتی نەدا ئەمساڵ ئاهەنگی نەورۆز لە شارەکە بکرێت.
رۆژی هەینی، 21ـی ئابی 2026، تینا هاسە، دادوەر لە دادگەی باڵای هەرێمیی نورنبێرگ-فیورت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دۆسیانەی بە ناوی "گەڕاندنەوەی شکۆ و پاراستنی نامووسی خێزان" تۆمار دەکرێن، بەم دواییە لە دادگەکەیان زۆر کەمبوونەتەوە.
پاساوی نامووس
بەپێی زانیارییەکانی دادگەکە بۆ رووداو، لە رۆژی 23ـی ئاداری 2025، ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانیدا بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزدا کردووە. لەوێ تۆمەتبارەکە لەنێو "هەزاران کەس"دا ئامۆزاکەی خۆی بینیوە و دواتر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویەتی.
دادوەرەکە دەڵێت: "بەپێی پشتڕاستکردنەوەکانی دادگەی نورنبێرگ-فیورت، تۆمەتبارەکە لەنێو ئاهەنگەکەدا بە چەقۆ ئامۆزاکەی خۆی کوشتووە، ئەوەش بۆ ئەوەی تۆڵەی مردنی خوشکەکەی بکاتەوە. خوشکی تۆمەتبارەکە هاوژینی ئەو ئامۆزایەی بووە و لە ساڵی 2005ـدا لە سووریا گیانی لەدەستدابوو. تۆمەتبارەکە ئامۆزاکەی بە بەرپرسیار دەزانی لە مردنی خوشکەکەی."
بەپێی بڕیاری دادگە، ئەم کارە لەڕووی یاساییەوە بە "کوشتنی لەناکاو و بۆسەنانەوە" و "کوشتن بە هۆکاری لاواز" بۆ مەبەستی "گەڕاندنەوەی شکۆی خێزان" هەژمارکراوە.
لە رێکەوتی 12ـی شوباتی 2026، دادگەی نورنبێرگ-فیورت، سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر ئەو پیاوەدا سەپاند.
دادگەی فیدراڵی سزاکەی چەسپاند
دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە تانەی لە بڕیارەکە دا، رۆژی 17ـی ئاب دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەڵمانیا، تانەکەی رەتکردەوە و بڕیاری دادگە ناوخۆییەکەی بە هەمان ئەو هۆکارانەوە چەسپاند.
دادگەکە ئاماژەی بە مادەی 57ـی یاساکە کرد، کە بەپێی ئەو مادەیە، هەرکەسێک سزای زیندانیی تاهەتایی هەبێت، دوای تەواوکردنی 15 ساڵ لە سزاکەی، دادگە دەتوانێت داواکارییەکەی بۆ ئازادکردنی بەمەرج هەڵبسەنگێنێت.
کەیسەکانی کوشتن بە پاساوی 'شکۆی خێزان' کەمن
تینا هاسە، دادوەری دادگەی باڵای نورنبێرگ بۆ رووداوی روونیکردەوە کە هۆکارەکانی کوشتنی وەک "گەڕاندنەوەی شکۆ و نامووسی خێزان" یان "تۆڵەی خوێن" بەشێوەیەکی جیاکراوە لە ئامارەکانی دادگەدا تۆمار ناکرێن، بۆیە ژمارەیان دیار نییە.
بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کەیسەکانی کوشتن بە پاساوی "گەڕاندنەوەی شکۆ و نامووسی خێزان" بەم دواییانە لە دادگەی نورنبێرگ-فیورت زۆر کەمبوونەتەوە و ژمارەیان زۆر نزمە.
تاوانبار و کوژراو خەڵکی کۆبانێ بوون
یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگی نەورۆزی پارسبرگ بە رووداوی گوت، ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەسەر تاوانبار و کوژراوەکە نییە، بەڵام بەپێی قسەی "خەڵک"، تاوانبار و قوربانییەکە ئامۆزای یەکدین و خەڵکی شاری کۆبانێن لە رۆژئاوای کوردستان.
رێکخەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەش کرد کە دوای رووداوەکەی ساڵی 2025، شارەوانیی پارسبرگ بە بیانووی کێشەی "ئەمنی"، رێگەی نەداوە ساڵی 2026 ئاهەنگی نەورۆز لەو شارەدا رێکبخرێت. ئەو رێکخەرە پێیوایە کە رووداوی کوشتنەکەی نەورۆزی 2025، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی شارەوانییەکە بووە.

