رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سوێد دەڵێن پۆلیس کەسێکی دەستگیر کردووە، کە بە شمشێرەوە هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شاری فاگێرستا لە ناوەڕاستی وڵاتەکە و بەو هۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 21ـی ئابی 2026، پۆلیسی سوێد لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامی رووداوەکەیان داوەتەوە و توانیویانە یەک کەس دەستگیر بکەن.
هەرچەندە پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە "چەندین کەس" لەم هێرشەدا بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد و فەرمی لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە: "هێزەکانمان بە هەموو تواناکانیانەوە لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن لە کارکردن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین رێز لە بەربەستە ئەمنییەکان بگرن و بەتەواوی گوێڕایەڵی رێنماییەکانی پۆلیس بن."
شارەوانیی فاگێرستا رایگەیاند، کە پۆلیس خەریکی پشکنینی وردی ناو بینای قوتابخانەکەیە؛ هاوکات وەک رێکارێکی ئەمنی، سەرجەم قوتابخانەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە داخراون و رێگە بە چوونە ژوورەوە و دەرچوونی هیچ کەسێک نادرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سوێد رایگەیاند، کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەمبوڵانس، ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس لە دەوروبەری قوتابخانەکەدا جێگیرکراون بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە و گواستنەوەی بریندارەکان.
هەڵوێستی حکومەتی سوێد
گۆنار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، کە حکومەت لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان.
وەزیری داد گوتیشی: "ئێمە لە رووداوێکی مەترسیدار لە شاری فاگێرستا ئاگادارکراوینەتەوە. پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەیە و بەچڕی کار لەسەر لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە دەکات."
ئەم هێرشە کتوپڕە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ناوچەکە و ئێستاش لێکۆڵەران خەریکی دەستنیشانکردنی پاڵنەری پشت ئەم هێرشە و ناسنامەی هێرشبەرەکەن.
شاری فاگێرستا، کە زیاتر لە 12 هەزار کەسی تێدا دەژی، 170 کیلۆمەتەر لە باکووری رۆژئاوای ستۆکۆڵمی پایتەختەوە دوورە.
هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی خوێندن لە سوێد
وڵاتی سوێد لە ساڵانی دواییدا چەندین هێرشی بۆ سەر ناوەندە پەروەردەییەکان بەخۆیەوە بینیوە کە دەنگدانەوەی نێودەوڵەتییان لێکەوتووەتەوە:
شوباتی 2025: پیاوێکی تەمەن 35 ساڵ لە ناوەندێکی خوێندنی گەورەساڵان لە شاری ئۆرێبرۆ هێرشی کردە سەر ئامادەبووان و بەو هۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئازاری 2022: قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شاری ماڵمۆ، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو مامۆستا و هەردووکیانی کوشت.
ئەم جۆرە رووداوانە نیگەرانیی لای دەسەڵاتدارانی سوێد دروستکردووە و بوونەتە هۆی ئەوەی رێکارە ئەمنییەکان لە دەوروب

