رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی بەرنامەی (پاداشت بۆ دادپەروەری)، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاریی وردیان دەربارەی هاککەرەکانی سەر بە حکومەتی ئێران و سوپای پاسداران پێ بدات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە رۆژی 20ی ئاب بڵاوکراوەتەوە، واشنتن شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە هاککەرە مەترسیدارەکان و بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئاشکرا کردووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە تاوەری یاس لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بورز لە تاران، بووەتە ناوەندێک بۆ چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکانی سوپای پاسداران.
ئەمریکا بە تایبەتی ناوی ئیلاهە یەزدی هێناوە و دەڵێت، ئەو یەکێکە لە دانیشتووانی ئەو تاوەرە و هاوکارێکی نزیکی محەممەدباقر شیرینکار، بەرپرسێکی باڵای ناوەندی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانە.
بەرنامەی (پاداشت بۆ دادپەروەری) داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر زانیارییەکیان دەربارەی ئەو هاککەرانە، یان ئەو لایەن و قەوارانەی هاوکارییان دەکەن هەبێت، بۆیان بنێرن. ئەمریکا بەڵێنی داوە کە جگە لە خەڵاتە داراییەکە کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، ئامادەیە "پاراستن و گواستنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت" بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیان دابین بکات کە زانیارییەکان دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەند رێگەیەکی بۆ پەیوەندیکردن و ناردنی زانیارییەکان دابین کردووە، لەوانە ژمارەیەکی تایبەت لە ئەپڵیکەیشنی واتسئەپ و تەلەگرام، لینکێکی "پارێزراوی تۆر بۆ ئەوەی ناسنامەی زانیاریدەرەکان بە نهێنی بمێنێتەوە."
ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران دەبینرێت کە دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەنە ئامانج.
.jpg&w=3840&q=75)
