رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ ڤێستیڤاڵی "چیشی" کە بە رۆژی خۆشەویستی لە چین ناسراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکەن روو لە کەمبوونەوەیە. هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئابووری، کارکردنی زۆر و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەگەڕێندرێتەوە.
ئەمڕۆ 19-08-2026، کە لە ساڵنامەی چینیدا بە رۆژی "چیشی" ناسراوە، زۆرێک لە هاوژینان ئەم رۆژە هەڵدەبژێرن بۆ واژۆکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری. لیو جو هانگ، یەکێکە لەو کەسانەی ئەمڕۆ هاوسەرگیری کردووە و دەڵێت: "ئەمڕۆ 7ی مانگی 7ـەیە، فێستیڤاڵی چیشییە. ئێمە زۆر دڵخۆشین. ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری دەکەین و زۆر پەرۆشین."
بەپێچەوانەی پەرۆشیی هاوژینە نوێیەکان، ئامارە فەرمییەکان پیشانی دەدەن کە پێکهێنانی هاوژینی لە چین لە کەمبوونەوەدایە. لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا تەنیا 3.2 ملیۆن گرێبەستی هاوسەرگیری واژۆکراون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.5٪ کەمترە. هاوکات، 1.38 ملیۆن حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراون.
وو کیان، کە تازە هاوسەرگیری کردووە، باس لەوە دەکات کە هۆکاری ئابووری یەکێکە لە گرفتەکان و دەڵێت: "لە ئێستادا هیچ پلانێکی منداڵ خستنەوەمان نییە، سەرەتا دەست بە پەیداکردنی پارە دەکەین. لە پلانماندایە بۆ ماوەیەک لە پەکین بمێنینەوە بۆ دەرفەتی کارێکی باش."
بۆ هاندانی گەنجان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، حکومەت چەندین ئاسانکاری کردووە. لە بنکەکانی تۆمارکردنی هاوسەرگیری، پرۆسەکە تەنیا 10 خولەک دەخایەنێت و پێویستی بە ئامادەبوونی شایەت و کەسوکار نییە.
ژاو شوانگ، ئەندامی کۆمەڵەی هاوسەرگیری لە پەکین، دەڵێت: "ئێمە ئاهەنگی بێبەرامبەر بۆ هاوسەرە تازەکان بە هەردوو ستایلی چینی و رۆژئاوایی سازدەکەین. شانۆ، رازاندنەوە، رووناکی، چالاکیی هونەری و ژەمی خواردن بۆ هاوسەرە نوێیەکان و خێزانەکانیان دابین دەکەین."
ڤێستیڤاڵی "چیشی" دەکەوێتە حەوتەمین رۆژی حەوتەمین مانگ لە ساڵنامەی چینیدا و مێژووەکەی بۆ نزیکەی 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەفسانەکە باس لە خۆشەویستیی نێوان "نیلۆ"ی شوانکار و "ژینۆ"ی تەشیڕێس دەکات کە بەهۆی فەلەکەوە لێک جیادەکرێنەوە.

