🔬 توێژینەوەی دەمارناسی و فەلسەفە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ دەیان ساڵە زانایانی دەمار، لەنێو مێشکی مرۆڤدا بەدوای سەرچاوەی "هۆش و هۆشیاری"دا دەگەڕێن، واتە دەیانەوێت لەو شتە تێبگەن کە چۆن ئێمە هەست بە خۆمان و دەوروبەرمان دەکەین، بیردەکردینەوە و سۆزمان هەیە. بەو پێیەی پێیانوایە مێشک هۆکار و دروستکەری ئەم هۆشیارییەیە. بەڵام چی دەبێت ئەگەر ئەم بیرکردنەوەیە هەڵە بێت؟
کریستۆف کۆخ، زانای بەناوبانگی بواری دەمار لە پەیمانگەی ئالن لە ئەمریکا، پرسیارێکی زۆر جیاواز و ورووژێنەر دەکات. ئەو دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە بیرکردنەوەمان بگۆڕین و بپرسین: ئایا مێشک هۆشیاری دروست دەکات، یان هۆشیاری شتێکی گەورەتر و بنەڕەتیترە و مێشک تەنیا شێوەی پێدەدات؟
مەتەڵە گەورەکەی زانست
راستە زانایان زۆر شت لەسەر مێشک دەزانن و دەزانن کام بەشی مێشک بەرپرسە لە بینین، بیرەوەری، سۆز و بڕیاردان. بەڵام وەک کۆخ دەڵێت، زانست هێشتا نەیتوانیوە وەڵامی پرسیارە گەورەکە بداتەوە: "چۆن دەبێت پارچە گۆشتێک (مێشک) کە کێشی تەنیا نزیکەی یەک کیلۆ و نیوە و وەک هەر شتێکی دیکەی ئەم گەردوونەیە، بتوانێت خۆشەویستی، رق، خەون، ترس و هیوا دروست بکات؟"
لە ساڵی 2023، کۆخ دانی بەوەدانا کە گرەوێکی 25 ساڵەی دۆڕاندووە؛ چونکە 25 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی کردبوو زانست بەم زووانە ڕوونی دەکاتەوە چۆن مێشک هۆشیاری دروست دەکات، بەڵام ئێستا دەڵێت زانست هێشتا لەسەر هەمان خاڵ ڕاوەستاوە.
بیردۆزە نوێیەکە چییە؟
کۆخ ئێستا بڕوای بە بیردۆزێکی فەلسەفی هەیە بە ناوی (ئایدیالیزمی شیکاری - Analytic Idealism). بەپێی ئەم بیردۆزە؛ هۆشیاری شتێک نییە مێشک دروستی بکات، بەڵکو هۆشیاری یەکێکە لە توخمە بنەڕەتییەکانی خودی گەردوون (وەک چۆن کات و شوێن هەن). لەم بارەدا، مێشک تەنیا وەک فلتەرێک یان ئامێرێک وایە کە ئەو هۆشیارییە گەردوونییە وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ ئەزموونی تایبەتی هەر مرۆڤێک.
ئەزموونێکی کەسی وای لێکرد بیروباوەڕی بگۆڕێت
ئەم بیرۆکەیەی کۆخ لە تاقیکردنەوەیەکی زانستییەوە نەهاتووە، بەڵکو لە ئەزموونێکی تایبەتی خۆیەوە هاتووە. ئەو دەگێڕێتەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەتەنیا لەسەر کەنار دەریا دانیشتووە و لەناکاو هەستی کردووە کە سنووری نێوان خۆی و جیهان نەماوە و هەستی بە "دۆخێکی بێ کات و گەردوونی" کردووە. دەڵێت ئەمە پڕماناترین ساتی ژیانی بووە و وای لێکردووە بەتەواوی تێڕوانینی بۆ راستییەکانی گەردوون بگۆڕێت.
ئەو دان بەوەدادەنێت کە ئەمە بەڵگەی زانستی نییە، بەڵام دەڵێت، نابێت زانایان ئەم جۆرە هەستانە پشتگوێ بخەن تەنیا لەبەرئەوەی ناتوانن لێی تێبگەن.
ئەی بۆ ژیریی دەستکرد چۆنە؟
ئەم بیردۆزە کاریگەریی لەسەر ژیریی دەستکردیش دەبێت. ئەگەر هۆشیاری تەنیا کۆمەڵێک لێکدانەوەی ئاڵۆزی کۆمپیوتەری نەبێت (وەک ئەوەی لە مێشکدا روودەدات)، کەواتە دروستکردنی رۆبۆت یان ئامێرێک کە "هۆشیاری" و هەستی هەبێت، تەنیا بەوە ناکرێت کە کۆمپیوتەرێکی زۆر بەهێزتر دروست بکەین، بەڵکو زۆر لەوە ئاڵۆزتر دەبێت.
لە کۆتاییدا، کۆخ دەڵێت هۆشیاری هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە شینەکراوەکانی زانست و پێشنیاز دەکات کە بۆ تێگەیشتن لێی، رەنگە پێویست بکات زانایان بەتەواوی شێوازی بیرکردنەوەیان سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان مێشک، عەقڵ و گەردوون بگۆڕن.

.jpeg&w=3840&q=75)

