رووداو دیجیتاڵ
چین ماڵئاوایی لە گەڕەکە کراوەکان دەکات و ئێستا زۆربەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون هاوشێوەی قەڵایەکی ئەمنین پەرژین، کامێرای چاودێری و پاسەوانی توند، سنوورێکی نوێیان لەنێوان ماڵ و شەقامەکاندا کێشاوە. ئەمە تەنیا بۆ دابینکردنی ئاسایش نییە، بەڵکو سیستمێکی گشتگیرە بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی ملیۆنان کەس.
ئەم دیوارانەی گەڕەکەکانی چینیان گەمارۆداوە، تەنیا کۆنکرێت نین، بەڵکو بە "دیواری زیرەک" دەناسرێن. لە رێگەی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو، هەر دەروازەیەکی گەڕەک بووەتە خاڵێکی پشکنینی دیجیتاڵی وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی نیشتەجێبووان تۆمار دەکات.
یاو تانگ، کارمەندی سەرتاشخانەیە، دەربارەی ئەم سیستمە دەڵێت: "ئاسایشەکە بۆ ئێمەی ژن زۆر باشە، بەڵام چوونە ناو هەر گەڕەکێک پشکنین و ناونووسینی دەوێت، ئەمەش هەندێک جار بێزارییە."
لە بەرامبەردا، لایەنە ئەمنییەکان ئەم رێکارانە بە پێویست دەزانن. لیو یی وێن، کارمەندی ئاسایشی یەکێک لە کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، ئاماژە بەوە دەکات تەکنەلۆژیاکە بۆ ئاسانکاری و سەلامەتییە و دەڵێت: "کەسانی دەرەکی دەبێت خۆیان بناسێنن و ماڵەکان ئاگادار بکەنەوە."
جگە لە "دیوارە مەزنەکەی چین"، ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە دیوارێکی دیجیتاڵی و سەردەمیانەی دروست کردووە هەموو کۆڵان و گەڕەکەکانی گرتووەتەوە. چوونەژوورەوە بۆ ماڵەکان ئاسایی نییە و تەنیا لە رێگەی "کۆد" و "ناسینەوەی رووخسار" دەرگاکان دەکرێنەوە. ئەم سیستمە دەسەڵاتێکی رەهای داوەتە دەوڵەت بۆ چاودێریکردن، بەجۆرێک لە سەردەمی کۆرۆنادا چین توانی تەنیا لەماوەی 20 خولەکدا، دەرگای شارێکی 20 ملیۆن کەسی بەسەر دانیشتووانەکەیدا دابخات.
ئەم قەڵا ئەمنییانە کاریگەرییان لەسەر خێرایی ژیانی رۆژانەش دروست کردووە. لە وڵاتێکدا بە "گەیاندنی خێرا" (Delivery) بەناوبانگە، ئێستا دیوارەکان بوونەتە بەربەست. کارمەندانی گەیاندن کاتێکی زۆریان لە پشت دەروازەکان بە فیرۆ دەچێت، ئەمەش ریتمی کارەکانیانی خاو کردووەتەوە.
وۆ لیانگ، کارمەندی گەیاندن، باس لە زەحمەتییەکانی دەکات و دەڵێت: "ئەم دیوارانە خاومان دەکەنەوە و دەبێت زۆر چاوەڕێ بین. ئەگەر ئەم بەربەستانە نەبان، دەمتوانی رۆژانە 20 پاکێجی زیاتر بگەیەنم."
چین لە نێوان هاوسەنگیی "ئاسایشی رەها" و "خێرایی جووڵە"دا، بژاردەی یەکەمی هەڵبژاردووە، هەر بۆیە دیوارەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرزتر و زیرەکتر دەبن، بەڵام لە هەمان کاتدا مەودای نێوان مرۆڤ و شەقامەکانیش دوورتر دەخەنەوە.


