رووداو دیجیتاڵ
تورکیا چاوی لە فراوانکردنی "رێککەوتنی مەککە"ـیە بۆ بەرگریی هاوبەش و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیێنێت، لە قۆناخی داهاتوودا میسریش دەچێتە پاڵ هاوپەیمانییە سەربازییەکەی نێوان ئەنقەرە، ریاز و ئیسلامئاباد، کە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە پێکهێنراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، چاوەڕێ دەکات میسر بچێتە نێو رێککەوتننامەی کە لەگەڵ پاکستان و سعودیە بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆیان کردووە.
رۆژی هەینی، هەریەک لە سعودیە، تورکیا و پاکستان رێککەوتننامەکەیان واژۆکرد؛ ئەمەش لە کاتێکدایە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە و وڵاتانی دەوروبەریشی تێوەگلاون، جگە لەوەی گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی تەنەگی هورمز و دەریای سوور پەکخراوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاژانسی فەرمیی ئەنادۆڵوی گوتووە، چاوەڕێ دەکات میسر بچێتە نێو "رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" و ئەو وڵاتەشی بە "هاوبەشێکی سرووشتی لەسەر هەموو پرسەکان" ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "بڕوام وایە لە قۆناخی داهاتوودا میسریش لەنێو هاوپەیمانییەکەدا لەگەڵمان دەبێت. ئێمە ئێستا وەک ئەندامی یەک هاوپەیمانی مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەین." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "تەنیا چەند پرسێکی تەکنیکی ماون، کاتێک ئەوانە جێبەجێ کران، هیچ هۆکارێک نییە میسر نەبێتە بەشێک لێی."
هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە رێککەوتنەکە هیچ وڵاتێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج و گوتی: "هیچ هەڕەشەیەکی هاوبەشمان بە نووسین دیاری نەکردووە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رۆژی هەینی رایگەیاند، رێککەوتنەکە بەو مانایەیە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامێکیان، وەک هێرش بۆ سەر هەمووان هەژمار دەکرێت و مەبەست لێی "بەهێزکردنی رێگریی بەکۆمەڵە."
هاکان فیدان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، ئەم رێککەوتنە "گرنگترین هەنگاوە بۆ هێنانی سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ ئەم ناوچەیە" و پێشنیازی کرد کە هاوپەیمانییەکە فراوانتر بکرێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "بەپێی دیدگای سەرۆکەکەمان، نابێت تەنیا بە سێ وڵات سنووردار بین، دەبێت گەشە بکەین و ئەگەر پێویست بوو، هەموو وڵاتان بخەینە ژێر ئەم چەترەوە."



