رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی باڵای تەکنەلۆژیای یەکێتیی ئەورووپا داوای لە کۆمپانیاکانی (میتا) و (تیکتۆک) کرد کاربکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست لە کاتی تەنگژەکاندا. ئەم داواکارییە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووە هۆی لێشاوی کۆچبەران بەرەو سیوتای ئیسپانیا.
هێنا ڤیرکونن، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەروەریی تەکنەلۆژیا، ئاسایش و دیموکراسی رایگەیاند کە دەبێت پلاتفۆرمەکان پارێزگاری لە راستییەکانی ناو کایەی دیجیتاڵی بکەن، بەتایبەتی لە کاتی تەنگژەکاندا. ڤیرکونن گوتی: "دەبێت چاودێرییەکان زیاد بکرێن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان بەهێزتر بکرێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا رۆژی دووشەممە بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەم پرسە دەکات.
بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆلێکی سەرەکی هەبووە لە هێرشی دەیان هەزار پیاو، ژن و منداڵ بۆ سەر ناوچەی سیوتا لە ئیسپانیا، ئەوەش دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە سنوورەکان کراوەن. بەرپرسانی ئیسپانیا رایانگەیاند کە لەو رووداوەدا 80 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەم رووداوە لە لایەن دەنگە راستڕۆکانەوە وەک بەڵگەیەک بەکارهێنرا بۆ ئەوەی بڵێن ئەورووپا لەژێر مەترسیی کۆچی کۆنتڕۆڵنەکراودایە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسپانیا و ئیتاڵیا.
ماگنوس برونەر، بەرپرسی کۆچی یەکێتیی ئەورووپا، رووداوەکەی سیوتای وەک "تاقیکردنەوەیەک" بۆ ئاسایشی سنوورەکان و توانای بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشە ناوبرد. برونەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شەپۆلی کۆچە لە لایەن تۆڕە تاوانکارییەکانی قاچاخچێتی و زانیاریی ناڕاستەوە هاندراوە، بەڵام گوتی هێشتا زووە بزانرێت کێ لە پشت ئەم کارەوە بووە، ئایا قاچاخچییەکانن یان دەوڵەتێکی بیانی وەک رووسیا.
لەلایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەیەکی کۆمپانیای (گۆڵدن ئاول) گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم شەپۆلەی کۆچبەران "ئۆپەراسیۆنێکی بە مەبەست و رێکخراو بووە."



