رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا دەڵێت، وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکەی حکومەتی ئیتاڵیا، رێکاری تووندی پشکنین لە سنوورەکانی بەسەر ئەو گەشتیارانەدا دەسەپێنێت کە لە ئیتاڵیاوە دەچنە نێو وڵاتەکەی. ئەمەش دوای ئەوەی لێشاوی بێوێنەی کۆچبەران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بۆ ناوچەی سیوتای ئیسپانیا بووە هۆی دروستبوونی تەنگژەیەکی دیپلۆماسیی گەورە لەنێوان هەردوو ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، پشکنین لە نیوەشەوی شەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوامدەبێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە مەدرید چەندین جار هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری هاوشێوەی لە رۆما کرد، ئەگەر ئیتاڵیا دەستبەجێ ئەو کۆنترۆڵە سنوورییانە لانەبات کە لەدوای قەیرانی سیوتا بەسەر ئیسپانیایدا سەپاندوونی.
حکومەتی ئیسپانیا هەینی بڕیارەکەی ئیتاڵیای بە "نادادپەروەرانە، دژە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و جیاکاری بەرامبەر گەلی ئیسپانیا" ناوبرد. خۆسێ مانوێل ئەلبێرس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا، ئەم هەنگاوەی رۆمای وەک گورزێک لە "یەکگرتوویی ئەورووپا" ناوبرد.
مەدرید دوای نیوەڕۆی هەینی، مۆڵەتی کۆتایی دایە رۆما و رایگەیاند، "داوا لە حکومەتی ئیتاڵیا دەکەین بڕیارەکەی راستبکاتەوە و کۆتایی بە پشکنینەکان بهێنێت. ئەگەر تاوەکو کۆتایی یەکشەممە 9ـی ئاب ئەوە نەکات، ئیسپانیا ناچاردەبێت رێکاری هاوتا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و شکۆی هاووڵاتییانی بگرێتەبەر."
وەڵامی میلۆنی؛ "زوو پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا ناکەین"
لەبەرامبەردا حکومەتی ئیتاڵیا بە سەرۆکایەتیی جۆرجیا میلۆنی رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە پێش 15ـی ئاب پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا بکەن.
رۆما دەڵێت زانیارییان هەیە کە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا "چاوەڕێی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەری" بۆ ناوچەی سیوتا دەکەن.
نووسینگەی میلۆنی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئیتاڵیا هیچ جۆرە مۆڵەتێکی کۆتایی یان سەپاندنی بڕیار لە دەرەوە سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی و کۆنترۆڵی سنوورەکان قبووڵناکات. تەنیا کاتێک پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا دەکەین کە دڵنیابین هیچ مەترسییەکی ئەمنی یان تیرۆریستی بۆسەر ئیتاڵیا نییە."
قەیرانەکە و ئاماری قوربانییان
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە هەفتەی رابردوو لێشاوێکی بێوێنەی کۆچبەران لە مەغریبەوە بەرەو ناوچەی سیوتای سەر بە ئیسپانیا لە باکووری ئەفریقا بەڕێکەوتن.
ئەو دیمەنانەی بڵاوکرانەوە وڵاتانی ئەورووپایان تووڕەکرد، بەتایبەتی ئیتاڵیا کە بۆ ماوەی مانگێک رێککەوتنی "شنگن"ی لەگەڵ ئیسپانیا هەڵپەسارد، هەرچەندە هەردوو وڵات هیچ سنوورێکی وشکانییان بەیەکەوە نییە و پشکنینەکان تەنیا لە فڕۆکەخانە و بەندەرەکاندا دەکرێن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئیسپانیا، لە کۆی 72 هەزار کۆچبەر کە گەیشتبوونە سیوتا، 70 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە بۆ مەغریب، هەروەها ئیسپانیا گیانلەدەستدانی 80 کەسی لەکاتی پەڕینەوەدا پشتڕاستکردەوە، لەکاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی مەغریب دەڵێت، 11 کەس لە لایەنی ئەوان گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان ئاماری دیکە بڵاودەکەنەوە. رێکخراوی (مافی مرۆڤی مەغریبی) و (هاوئاهەنگی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ) رایانگەیاندووە کە لانیکەم 141 گیانلەدەستدان تۆمارکراون و مەترسی هەیە ژمارەکە زیاتریش بێت.
ئێستا ئەو کۆچبەرانەی لە سیوتا ماونەتەوە، لە دۆخێکی مرۆیی یەکجار سەختدا دەژین و دەستیان بە ئاو، خۆراک و پەناگەی گونجاو ناگات.



