رووداو دیجیتاڵ
تاد بلانچ، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، هەنگاوێکی نا بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری دادی ئەمریکا، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پیران بەربژێرکردنی بۆ ئەو پۆستە پەسند کرد.
دەنگدانەکە لە لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیران بە 12 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 10 دەنگی نەخێر بوو. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوو سیناتۆری کۆماری وازیان لە دژایەتیکردنی بلانچ هێنا.
پەسندکردنی بلانچ لە لیژنەکەدا بەهۆی نیگەرانییەکانی سیناتۆر جۆن کۆرنین و تۆم تیڵس دواکەوتبوو. نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە سندووقێکی 1.8 ملیار دۆلاری بوو بۆ قوربانیانی "چەوساندنەوەی سیاسی" و رێککەوتنێکی پارێزبەندی لە وردبینیی باج بۆ سەرۆکی ئەمریکا.
بلانچ هەفتەی رابردوو فەرمانێکی نووسراوی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سندووقە و رایگەیاند، رێککەوتنی پارێزبەندیی باج بۆ ترەمپ و کوڕەکانی و رێکخراوی ترەمپ، تەنیا بۆ ساڵانی رابردوو دەبێت نەک بۆ داهاتوو.
چاوەڕوان دەکرێ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەموو ئەنجوومەنی پیران، کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن، دەنگ لەسەر بلانچ بدەن. بلانچ دوای لادانی پام بۆندی لە مانگی نیسان وەک وەزیری داد بەوەکالەت کاردەکات.
دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیران یەکدەنگن لە دژایەتیکردنی بلانچ، چونکە پێیان وایە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی داد دەکات وەک ئەوەی درێژکراوەی تیمی یاسایی سەرۆک بێت.
دیک دەربن، سیناتۆری دیموکرات لە لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیران، پێش دەنگدانەکە گوتی: "تاد بلانچ نابێت وەک بەرپرسی یەکەمی جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتەکەماندا کار بکات. وەزیری داد دەبێت پارێزەری خەڵک بێت، بەڵام بلانچ وەک پارێزەری کەسی سەرۆک کاردەکات و وەزارەتی داد وەک کۆمپانیایەکی یاسایی بۆ خزمەتی یەک کەس بەکاردەهێنێت."
بلانچ پەیوەندییەکی نزیکی بەو هەڵمەتە هەیە کە دیموکراتەکان بە "تۆڵەکردنەوە" ناوی دەبەن و ترەمپ دژی نەیارە سیاسییەکانی دەستیپێکردووە؛ هەروەها بلانچ رۆڵی هەبووە لە رێککەوتنێکی یاسایی لەنێوان ترەمپ و حکومەتەکەی.
ئەو رێککەوتنە لە ئەنجامی سکاڵایەکی 10 ملیار دۆلاریی ترەمپ بوو دژی فەرمانگەی باجی ئەمریکا بەهۆی بڵاوکردنەوەی نایاسایی تۆمارەکانی باج.
رێککەوتنەکە پێشنیازی پارێزبەندیی باج و دروستکردنی سندووقێکی 1.776 ملیار دۆلاری دەکرد بۆ ئەو کەسانەی دەڵێن، لەلایەن وەزارەتی دادەوە کراونەتە ئامانج، کە رەنگە لایەنگرانی ترەمپ لە رووداوەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 بگرێتەوە.
پێش ئەوەی بچێتە وەزارەتی داد، بلانچ پارێزەری ترەمپ بوو لە دادگاییکردنەکەی نیویۆرک سەبارەت بە "کەیسی بەرتیلدان" بە ستۆرمی دانیێڵز، ئەستێرەی فیلمە سێکسییەکان؛ هەروەها لە تیمی بەرگریی دوو کەیسی فیدراڵیدا بوو کە لەلایەن جاک سمیت، لێکۆڵەری تایبەتەوە دژی ترەمپ کرابوونەوە. یەکێکیان سەبارەت بە شاردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەکان و ئەوی دیکەشیان سەبارەت بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2020. هەردوو کەیسەکە دوای سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2024 داخران.



