رووداو دیجیتاڵ
کریستینا مارکوس لاسن، باڵیۆزی دانیمارک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئاب، لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکات لەوەی کە ئایا ئەنجوومەنەکەی دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
دووشەممە 03.08.2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، پرسیاری لەبارەی چارەنووسی هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی سیستمی بەرگریی ئەمریکا و رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش لە پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان کرد.
پەیامنێری رووداو پرسیاری کرد:"بەپێی راپۆرتەکان، هێزەکانی ئەمریکا سیستەمە بەرگرییەکانیان لە هەرێمی کوردستان کشاندووەتەوە، چونکە لە مانگی ئەیلوول سەربازەکانیان دەکشێننەوە. هەرێمی کوردستانیش دەڵێت بەغدا بەپێی پێویست لە هێرشە درۆن و مووشەکییەکان نایانپارێزێت. ئایا شتێک هەیە ئەنجومەنی ئاسایش بتوانێت بیکات بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە هەرێمەکانی وەک کوردستان؟"
کریستینا مارکوس لاسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ مانگی ئاب، دەڵێت: "رەنگە لەبیرم چووبێت چونکە زانیاریی زۆرم لەسەری نییە. سەبارەت بەو پرسیارەت کە ئایا ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت لەسەر ئەمە هەنگاو بنێت... ئەوە شتێکە کە دەبێت لانی کەم لێی بکۆڵمەوە. زۆرجار دەبێت کەسێک هەبێت داوا لە ئەنجوومەن بکات ئەم بابەتە گەنگەشە بکات، و تا ئێستا شتێکی لەو شێوەیە لای ئێمە نەوروژێندراوە، بەڵام بێگومان ئەوە شتێکە کە لێی دەکۆڵمەوە. سوپاس بۆ ورووژاندنی لێرەدا."
سەبارەت بە دۆخی سووریا و پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی، گوتی: " سەرسامن بە پێشهاتەکانی دوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024 و جەختیان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کردەوە، کە "بێگومان بەشداریی پێکهاتەی کوردیش دەگرێتەوە."
هاوکات، فەرهان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند: "لە کوردستان و سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەمانەوێت هەموو ئەو شەڕ و پێکدادانانە بوەستن... پێشوازی لە هەموو هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار بە فەرمی سەردانی دیمەشقی کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و بەرەوپێشبردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).


