رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ڤایۆریی رووسی کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا، کەشتییەکی بارهەڵگری تورکیا کە بەرەو بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی رووسیا دەڕۆیشت زیانی بەرکەوت و چەند ئەندامێکی تیمی کەشتییەکەش بریندار بوون.
لەو ڤیدیۆییانەی کە لەنێو کەشتییەکەوە گیراون، دەردەکەوێت کەشتییەکە ئاگری گرتووە و دووکەڵ بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا تیمەکە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن. لە دیمەنەکانی دیکەدا دەریاڤانە بریندارەکان دەردەکەون، کە بەشێکیان دوای هێرشەکە یارمەتیی پزیشکی وەردەگرن.
ئەو ڤیدیۆیانە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس (IHA)ـی تورکییەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام شوێنی دروستی تۆمارکردنیان بە سەربەخۆیی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بە گوتەی یالچین شاهین، کاپتنی کەشتییەکە، هێرشەکە نزیکەی کاژێر 4:30ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ناوخۆ روویداوە، کاتێک کەشتییەکە لە بەندەری نۆڤۆرۆسیسک نزیک بووەتەوە. کاپتنەکە دەڵێت چەندین درۆن کەشتییەکەیان پێکاوە و چەند ئەندامێکی تیمەکەش بریندار بوون، کە بەشێکیان بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی درۆنەکانەوە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دەریایی تورکیا رایگەیاند، کەشتیی بارهەڵگری (نادیژدا - Nadezhda) لە دووریی نزیکەی 37 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی نۆڤۆرۆسیسک پێکراوە لە کاتێکدا بەرەو شاری سامسوون لە تورکیا دەڕۆیشت. هەر 12 ئەندامی تیمی کەشتییەکە گوێزراونەتەوە و بەپێی راپۆرتەکان، باری تەندروستیی سێ لە دەریاڤانەکان سەختە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە درۆنییەکانی ئۆکراینا بەردەوامن و ژێرخانی سەربازی و لۆجستییەکانی رووسیا لە دەوروبەری کەناراوەکانی دەریای رەش دەکەنە ئامانج. نۆڤۆرۆسیسک کە یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی رووسیا، لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگەکەوە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆنیی ئاسمانی و دەریایی بووەتەوە.
++++ sb



