رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوز، دوای چەندین مانگ لە جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رووبەڕووی کەمی لە کۆگاکانی مووشەکی بەرگری بووەتەوە. ئەمەش وای کردووە، بەرپرسانی سەربازی تاوتوێی ئەوە بکەن ئایا واشنتن دەتوانێ لەسەر هەمان ئاستی هێرشەکانی بەردەم بێت یان نا.
ئامارە کۆکراوەکانی ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی نیشان دەدەن کە کۆگاکانی مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکا لە پێش دەستپێکی جەنگەکەوە کە نزیکەی 2,300 مووشەک بوون، ئێستا بۆ کەمتر لە 827 مووشەک دابەزیون.
هاوکات، ئاستی یەدەگی سیستەمی بەرگریی (تاد) بە هەمان شێوە کەمی کردووە و لە 452 دانەوە بۆ کەمتر لە 278 دانە دابەزیوە.
ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات کە پڕکردنەوەی ئەم یەدەگە ستراتیژییانە رەنگە پێویستی بە لانیکەم سێ ساڵ هەبێت. ئەوەش نیگەرانیی لای بەرپرسانی سەربازی دروست کردووە سەبارەت بە توانای ئەمریکا بۆ پاراستنی سەرباز و بنکەکانی لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەتی ئەگەر تەنگژەیەکی دیکە لە ناوچەکانی وەک زەریای هێمن سەرهەڵبدات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێنتاگۆن لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاریی 67 ملیار دۆلاری بۆ ساڵی 2026، بڕی 18.2 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ کڕینی مووشەکی پاتریۆت، مووشەکی کرووزی تۆماهۆک و سیستمی تاد تەرخان کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، نیوەی ئەو چەکانەی لە بودجەی سەرەتایی ساڵی 2027ی سوپای ئەمریکادا داوا کراون، ئەو چەکانەن کە تێچوویان کەمە و نرخی هەر دانەیەکیان لە 600 هەزار دۆلار یان کەمترە.
بەهۆی ئەم قەیرانەوە، پێنتاگۆن کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای بەرگری وەکو (Shield AI) و (Anduril) ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی پڕکردنەوەی خێرای کۆگای چەکەکان.



