رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لێشاوی دەیان هەزار کۆچبەری بۆ شاری سنووریی سیوتای ئیسپانیا لە باکووری ئەفریقا بە "داگیرکاری" ناوبرد و هۆشداریدا کە دەکرێت ئەمریکییەکانیش رووبەڕووی قەیرانێکی هاوشێوە ببنەوە.
هۆشداریی ترەمپ سەبارەت بە داهاتووی ئەمریکا
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی کابینەی حکومەتەکەی لە (کامپ دەیڤد) لە ویلایەتی مێریلاند رایگەیاند، "دوێنێ سەیری دۆخی ئیسپانیام کرد و چاودێریی ئەو کارەساتەم کرد کە لەوێ روویدا."
ترەمپ گوتی، ئەم لێشاوە "شێوەی داگیرکاریی وڵاتێک لەلایەن سەتان هەزار کەسەوە دەبەخشێت،" هۆشداریشیدا کە "هەمان شت بەسەر ئێمەشدا دێت ئەگەر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرنەکەون، بەڵام بۆ ئێمە دۆخەکە زۆر خراپتر و بەرفراوانتر دەبێت."
ئەم لێدوان و کاردانەوە تووندەی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدایە، لەسەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێس بەڕێوەدەچێت.
جەنگی ئێران کاریگەریی لەسەر دۆخی ئەمریکا بەتایبەتی سووتەمەنی داناوە و دیموکراتەکانیش دەیانەوێت سوود لە دۆخەکە وەربگرن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەون.
بەستنەوەی کێشەکە بە ئەمریکاوە
ستیڤن میڵەر، جێگری بەرپرسی ستافی کۆشکی سپی بۆ کاروباری سیاسەت و ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی ترەمپیش لەبارەی دۆخەکە، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا گوتی، "دیموکراتەکان بۆ 4 ساڵ لە سەردەمی بایدندا هەموو رۆژێک ئەم کارەیان بە ئەمریکا دەکرد. دیموکراتەکان دەیانبینی کە ماڵەکانتان لەلایەن داگیرکەرانەوە سنووریان دەبەزێنرێت و دزییان لێدەکرێت، کەچی ئەوان دڵخۆش دەبوون."
ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی، وەڵامیدایەوە و نووسی، "راستە."
سەرۆکی هەرێمی سیوتای ئیسپانی رۆژی هەینی رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 60 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە چوونەتە ناوچەکەی. ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە 70٪ـی کۆی دانیشتووانی ئەو شارە ئیسپانییەی کە دەکەوێتە باکووری ئەفریقا. بەڵام حکومەتی ئیسپانیا دەڵێت، نزیکەی نیوەی ئەو کەسانە بەویستی خۆیان گەڕاونەتەوە.
گەیشتنی لەناکاوی ئەم هەموو کۆچبەرانە بووەهۆی دروستبوونی پشێوی و قەیرانێکی مرۆیی گەورە. ئیسپانیا سوپا و هێزی زیاتری پۆلیسی رەوانەی سیوتا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لەکاتێکدا لە دیوی مەغریبیش هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی کۆچبەران بوونەوە. لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە، لانیکەم 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راپۆرتە نێوخۆییەکان، نزیکەی 90٪ـی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی مەغریبن، دوای ئەوان جەزائیرییەکان و پاشان خەڵکی وڵاتانی دیکەی خوارووی بیابانی گەورەی ئەفریقا دێن.



