رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە هێرشێکی سایبەری فراوان دەکەن بۆ سەر زیاتر لە 30 سیستمی ئاو لە ویلایەتی مینیسۆتا. گومان دەکرێت هاککەرە ئێرانییەکان لە پشت هێرشەکە بن، کە وایکردووە چەندین وێستگە ناچار بن کارەکانیان بە دەست بکەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی واشنتن پۆست، هێرشەکە تەکنەلۆژیای چاودێریی وێستگەکانی ئاوی لە زیاتر لە 30 ناوچەی مینیسۆتا پەکخستووە. پۆلیسی (FBI) و ئاژانسی پاراستنی ژینگە (EPA) هۆشدارییان داوە، هێرشەکە تەنیا مینیسۆتای نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە لانیکەم حەوت ویلایەتی دیکە رووداوی هاوشێوە تۆمارکراون.
نیک ئەندەرسۆن، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی سایبەری و ژێرخان (CISA) رایگەیاند، زیادبوونێکی بەرچاو لە هێرشی هاککەرەکان بۆ سەر ئامێرەکانی کۆنتڕۆڵکردنی وێستگەکانی ئاو دەبینرێت. داوای لە بەرپرسانی وێستگەکان کرد بە زووترین کات سیستمەکانیان لە ئینتەرنێت داببڕن تاوەکو لە مەترسیی هاککردن پارێزراو بن.
بەرپرسانی مینیسۆتا دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر پاکیی ئاوی خواردنەوە دروست نەبووە و دابەشکردنی ئاو نەوەستاوە. لە شارۆچکەکانی وەک (پلیمۆس و براهام)، کارمەندان توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 90 خولەکدا سیستمەکە جێگیر بکەنەوە و رێگری لە بڕانی ئاو بکەن.
چۆن دەکرێت ئەم جۆرە هێرشە بکرێت؟
زۆر لە وێستگەکانی ئاو ئامێری کۆنترۆڵی ئۆتۆماتیکیان هەیە و بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەستراونەتەوە. ئەگەر ئەم ئامێرانە وشەی نهێنییان هەبێت، هێرشبەر دەتوانێت بچێتە نێو سیستمەکە. دوای چوونە ژوورەوە دەتوانێت کێشە بۆ کاری ئاسایی سیستمەکان دروست بکات و کارکردنی ئۆتۆماتیکی بوەستێنێت. لە زۆربەی شوێنەکاندا سیستەمەکان گۆڕدران بۆ کارکردنی دەستی و لە هەندێک شوێن زەنگی ئاگادارکردنەوە لەبارەی کوڵاندنی ئاو دەرچووە، بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە، کە ئاوەکە پیس بووبێت یان بۆ خواردنەوە نەگونجاو بووبێت.
ساڵی 2023، بەرپرسانی فیدراڵی پشتڕاستیان کردبووەوە گرووپە لایەنگرەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، دامەزراوەکانی ئاوی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و چوونەتە نێو چەندین وێستگەی ئاو لە ئەمریکا، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو وشە نهێنییانەی کە کۆمپانیاکان نەیانگۆڕیبوو.



.jpg&w=3840&q=75)