رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئیدارەکەی لەنێوان دوو بژارەدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران؛ گەیشتن بە رێککەوتن یان وێرانکردنی وردە وردە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا مارکۆ رۆبیۆ و جەی دی ڤانس خەریکی دانوستاندنن لەگەڵ تاران.
رۆژی هەینی، 24ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێرانییەکان دەیانەوێ رێککەوتن بکەن، هەرچەندە هەندێکجار وەک "پیاوی بەهێز" دەردەکەون و دەڵێن نایانەوێ.
ترەمپ گوتی: "دوو رێگا هەیە، دەتوانین وردە وردە وێرانیان بکەین؛ دەتوانین دانوستاندنیان لەگەڵ بکەین، کە رێک ئێستا خەریکی ئەوەی دووەمین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لەگەڵ لایەنی ئێرانی لە پەیوەندیدان. ترەمپ پێیوایە تاران لەم چەند رۆژەی دواییدا لە هەموو کاتێک جیدیتر بووە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و گوتی: "ئەوە بە لای منەوە رێگە زیرەکانەکەیە، بەڵام رێگەکەی دیکە (جەنگ) رەنگە ئاسانتر بێت، کە ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەش و وەک دەزانن ئامادە و پڕچەکین".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بڕیاری کۆتایی لەسەر "هێرشە گەورەکان" داوە، ترەمپ گوتی: "نەخێر، هێشتا بڕیارم نەداوە، چونکە ئێستا خەریکی قسەکردنین لەگەڵیان."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەزموونی دەستوەردانی سوپای وڵاتەکەی لە ڤەنزوێلا کرد و گوتی، لە سەرەتادا هەمووان دژی بوون، بەڵام دواتر دەستخۆشییان لێکرد و ئێستاش لەبارەی ئێرانەوە هەمان شت دەگوترێ.
سەبارەت بە رۆڵی رووسیا و چین، ترەمپ نیگەرانییەکانی پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی رەتکردەوە و گوتی: "شی جینپینگ و ڤلادیمیر پووتین پێیان گوتووم کە بەشداری لەم شەڕەدا ناکەن و هاوکاریی تاران ناکەن. متمانەیان پێ دەکەم."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، جەنگ پێی ناوەتە مانگی پێنجەمەوە و دوای شکستهێنانی ئاگربەستەکەی مانگی حوزەیران، گرژییەکان گەیشتوونەتەوە لووتکە و ئەمریکا هێزێکی گەورەی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە .



