رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەریەک لە سەرۆکی چین و سەرۆکی رووسیا بەڵێنیان پێداوە کە هیچ جۆرە چەکێک بە ئێران نافرۆشن و هۆشداریش دەدات ئەگەر ئەوە بکەن "زۆر بۆیان خراپ دەبێت."
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، ترەمپ لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ چین نووسیویەتی: "سەرۆک شی، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەماندا لە پەکین، پێی گوتم کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا چەک بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نادات یان نافڕۆشێت — ئەم قسەیە کۆمپانیا چینییەکانیشی دەگرتەوە."
ترەمپ متمانەی خۆی بە بەڵێنەکەی سەرۆکی چین دەردەبڕێت و دەڵێت: "لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانمان، من بڕوا بە قسەکانی دەکەم، سەرەڕای ئەوەش، من چاکەی زۆر گەورەشی لەگەڵ دەکەم."
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیاش، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بە هەمان شێوە، سەرۆک پووتین، سەرەڕای ئەو شەڕە ترسناکەی لە ئۆکراینا بەڕێوەدەچێت (پەیوەندییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، وەک چۆن لەگەڵ سەرۆک زیلینسکیش هەر وایە)، پێی گوتم کە چەک بە ئێران نافرۆشێت."
سەبارەت بە پرسی پێدانی چەک بە ئۆکراینا کە نیگەرانیی مۆسکۆی لێکەوتووەتەوە، ترەمپ پاساو بۆ سیاسەتەکەی دەهێنێتەوە و نووسیویەتی: "ئەو [پووتین] لەوە تێدەگات کە من چەک بە ئۆکراینا نافرۆشم، بەڵکو بە وڵاتانی ناتۆی دەفرۆشم. ئەوان پارەی تەواوی دەدەن و ئیدی من هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوەی کە ئەو چەکانە چۆن دابەش دەکرێن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەدات و دەڵێت: "لەبەرئەوە، بە بڕوای من ئەو دوو وڵاتە گەورەیە کە زۆرجار خەڵک سەبارەت بە ئێران باسیان دەکەن، بەشدار نین [لە پێدانی چەک بە تاران]. ئەگەر بەشداریش بن، ئەوا زۆر بۆیان خراپ دەبێت و بێگومان لە بەرژەوەندییاندا نابێت. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم پرسە! سەرۆک دۆناڵد جەی. ترەمپ."



