رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت: پیاوێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە پاش ئەوەی لە لقێکی بانکێکدا لە شاری رێگێنسبێرگ هێرشی کراوەتە سەر. دوابەدوای رووداوەکە، هێزە تایبەتەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، پۆلیس رایگەیاند: پیاوێک گیانی لەدەست داوە پاش ئەوەی لە رووداوێکدا کە وەک هەوڵێکی بارمتەگرتن دەردەکەوێت، لە لقێکی بانکی شاری رێگێنسبێرگ لە هەرێمی باڤاریا بە سەختی بریندار کراوە. سەرەتا بریندارەکە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە، بەڵام کەمێک دواتر گیانلەدەستدانی راگەیێندرا.
ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی پۆلیس کە هێزی تایبەت و هەلیکۆپتەری لەخۆگرتبوو، لە ناوچەکە و نزیک شوێنی رووداوەکە دەستیپێکرد. لەمبارەیەوە پۆلیس رایگەیاند: لێکۆڵینەوە لە "تاوانێکی کوشتن و هەروەها گومانی هەوڵدان بۆ دزیکردن" دەکەن. پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد: "2 کەس هێشتا لەناو باڵەخانەکەدا مابوون، بەڵام هێزە تایبەتەکان لەو ماوەیەدا توانییان بە سەلامەتی بیانگوازنەوە بۆ دەرەوەی بیناکە."
بەرپرسان رایانگەیاند: کاژێر 18:00ـی ئێوارە بە کاتی بەرلین (کاژێر 19:00 بە کاتی هەولێر) گومانلێکراوەکە دەستگیر کراوە. پۆلیس روونی کردەوە کە گومانلێکراوەکە هاووڵاتییەکی ئەڵمانیی تەمەن 20 ساڵە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پشکنینی باڵەخانەکە بەردەوامە." باوەڕ وایە گومانلێکراوەکە تەنیا چەقۆی پێ بووبێت و بە تەنیاش کارەکەی ئەنجام دابێت.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پۆلیس چەندین جار داوای لە هاووڵاتییان کرد کە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان بگەنە قۆناخی کۆتایی. لە زانیارییە سەرەتاییەکانیشدا باس لەوە کراوە کە پاڵنەری گومانلێکراوەکە بۆ ئەم هێرشە نادیارە و چیدیکە بوار بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست ناهێڵنەوە.
رێگێنسبێرگ شارێکە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 150 هەزار کەس دەبێت و دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری نوورنبێرگ و میونشن لە هەرێمی باڤاریا. ئەو لقەی بانکەکەش دەکەوێتە رۆژئاوای شارەکە لە نزیک رووباری دانووب.


