رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی بەریتانیا رایانگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جۆری (B-1)ـی لە بنکەیەکی سەربازیی بەریتانیاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران جێگیر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.
ئەمە یەکەم مامەڵە و رێگەپێدانی سەربازییە لەو شێوەیەیە لەناو خاکی بەریتانیاوە بکرێت لەوەتەی ئاندی بێرنەم، بووەتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا.
سەرچاوەکان بە ماڵپەڕی تەلەگرافیان راگەیاندووە: ئەو فڕۆکە دوورمەودایە بۆ لێدانی ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەکارهێنراوە. فڕۆکەی (بی-1) کە توانای هەڵگرتنی 12 بۆمبی 900 کیلۆیی هەیە، رۆژی سێشەممە لە بنکەی ئاسمانیی راف فێرفۆردەوە فڕیوە و لە ماڵپەڕەکانی بەدواداچوونی فڕۆکەوانی تۆمار کراوە.
ماڵپەڕی بلۆمبێرگ بڵاویکردەوە: بێرنەم رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتەکەی کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بۆ رێگەدان بە ئەمریکا تاوەکو بنکەی ئاسمانیی گلۆستەرشێر و فڕۆکەخانەی دیێگۆ گارسیا لە دوورگەکانی چاگۆس بۆ "هێرشی بەرگریکارانە" بەکاربهێنێت.
ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەمێژە دژی ئەم هەڵوێستەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لای کۆشکی سپی بەرامبەر دەستنیشانکردنی لەو پۆستەدا. لە مانگی شوباتی رابردوودا، میلیباند سەرکردایەتیی دژایەتیکردنی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد دژی بەکارهێنانی بنکەکانی بەریتانیا بۆ بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا، کە ئەوەش گرژیی لەنێوان کیەر ستارمەر و دۆناڵد ترەمپ دروستکردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا کە لە بەرامبەر هەر کەشتییەکدا کە ئێران لە تەنگەی هورمز هێرشی بکاتە سەر، ئەوان پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا ئامانج دەگرن.
لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر دەروازەی سنووریی شەلامچە لەسەر سنووری عێراق، دوو کەس کوژران و 11ـی دیکەش برینداربوون. تاران لە بەرامبەردا بە هۆشداریی تۆڵەسەندنەوەی "چاو بەرامبەر چاو" وەڵامی دایەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بنەمای بەرگریمان روونە: چاو بەرامبەر چاو. هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، بە ژێرخانی ئابووریمانەوە، وەڵامێکی بەهێز و یەکلاکەرەوەی دەبێت. ئەو کەسانەی بەشداری لە دەستدرێژی لەو شێوەیەدا دەکەن، بە هەر جۆرە پشتگیرییەک بێت، وەک ئامانجی رەوا سەیر دەکرێن."
سەرچاوەیەکی سەربازیی بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی راگەیاندووە: تاران وەک تۆڵەسەندنەوە هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە سەرچاوەکانەوە بڵاویکردووەتەوە: ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە جارێکی دیکە هەڵمەتەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چڕتر بکاتەوە، ئەوەش بە جێگیرکردنی هێزە تایبەتەکان، تیمی پزیشکی و چەک.
بەپێی گوتەی بەرپرسێک، فەوجەکانی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا لە شوێنە تاکتیکییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا جێگیرکراون، هەروەها فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان لە بنکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئامادەباشیی بەرزدان.
دوای کوژرانی چوار سەربازی ئەمریکی، زیاتر لە 150 کارمەندی پزیشکی رەوانەی ناوەندی پزیشکیی هەرێمیی لاندستوول لە ئەڵمانیا کراون، کە شوێنی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی سەربازە بریندارەکان.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە پڕۆژەیاسایەکی سیاسەتی بەرگریی بە بڕی 1.15 تریلیۆن دۆلار پەسەند کرد تاوەکو رێگە بە ترەمپ بدات بەردەوام بێت لە جەنگ لەگەڵ ئێران.
ئەم بڕیارە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەرخانکردنی 73 ملیار دۆلاری دیکە وەک بودجەی زیادە بۆ پێنتاگۆن و ئاژانسەکانی هەواڵگری، کە زۆربەی بۆ تێچووی جەنگەکەیە.


