رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، بەهۆی سەختیی دابینکردنی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی گازی سرووشتی، کە پەیوەندییان بە جەنگی ئێرانەوە هەیە، بەکارهێنانی خەڵووز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2026دا زیادیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە راپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردەوە، جەنگی ئێران بووەتە هۆی داخرانی بەردەوامی تەنگەی هورمز؛ ئەمەش وایکردووە 20٪ی هەناردەی گازی سروشتیی شل لە جیهاندا رابگیرێت و زۆربەی ئابوورییەکانی جیهان ناچار بن پەنا بۆ خەڵووز ببەنەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سووتاندنی خەڵووزەوە لە ساڵی 2026دا 1.4٪ زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2025دا ئاستی بەکارهێنانی جێگیر بوو.
هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەگەڕێتەوە، کە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025، 30٪ زیادیان کردووە. ئاژانسەکە دەڵێت، نرخەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە دوای قەیرانی وزەی ساڵانی 2022 و 2023 کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە دروست ببوو.
زیادبوونی بەکارهێنانی خەڵووز زیانی بۆ ژینگە دەبێت. ئاژانسەکە پێشبینی دەکات دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کەرتی کارەبادا لەم ساڵدا 1٪ زیاد بکات. ئەم زیادبوونە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە؛ بۆ نموونە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا 6٪ زیاد دەکات، لە کاتێکدا لە وڵاتانی یەکێتییی ئەورووپا 5٪ کەم دەبێتەوە.
لەکاتێکدا خەڵووز گەشەی کردووە، بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە وزە نوێبووەوەکان لە ساڵی 2027دا دەبنە گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە جیهان و پێش خەڵووز دەکەون.
پێشبینی دەکرێت دابینکردنی وزەی نوێبووەوە لە ساڵی 2026دا 8٪ زیاد بکات، کە تێیدا وزەی خۆر بۆ یەکەمجار پێش با دەکەوێت و دەبێتە دووەم گەورەترین سەرچاوەی کارەبای خاوێن لە دوای ئاو.
ئاژانسەکە دەڵێ، خواستی جیهانی بۆ کارەبا بەهۆی پیشەسازی، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و سەنتەرەکانی داتا، بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. پێشبینی دەکرێت خواست لە ئەمساڵدا 3.6٪ و ساڵی داهاتوو 3.8٪ زیاد بکات.
جگە لە جەنگ، دیاردەی ئێل نینیۆش کاریگەریی خراپی هەبووە، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە خواست بۆ فێنککەرەوە زیاد بکات، هاوکات ئەم دیاردەیە بەرهەمهێنانی کارەبای لە رێگەی ئاو و باوە سنووردار کردووە، ئەمەش گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر رێگە کلاسیکییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.


