رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بە هێزێکی "زۆر گەورەتر" و ناهاوسەنگ وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران بداتەوە و وەسفی سیاسەتی سەربازیی سەرۆکی وڵاتەکەی کرد بەوەی، "سەرێکە بەرامبەر چاوێک".
رۆژی پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026 مارکۆ رۆبیۆ لە پەراوێزی لوتکەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مانیلای پایتەختی فلیپین، وەڵامی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە. عێراقچی رۆژی چوارشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیبووی، رێبازی بەرگریی وڵاتەکەی "چاوێک بەرامبەر چاوێکە" و هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئێران وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "سیاسەتی سەرۆک ترەمپ بریتییە لە سەرێک بەرامبەر چاوێک. بە راشکاوی دەڵێم، ئەوە روودەدات. ئەوان باجێکی یەکجار قورس لەبەرامبەر ئەو کارانەی دەیکەن، دەدەن."
ئەم ململانێ زارەکییە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ 12 شەوی لەسەریەک بۆردوومانی ئامانجە سەربازییەکانی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە، ئەوەش دوای هەرەسهێنانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ئاگربەستە کاتییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو. هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
مارکۆ رۆبیۆ گوتیشی، بەرپرسانی ئێران لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە "دەپارێنەوە" بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، تاران هێشتا ئامادەی ئاشتییەکی سەرتاسەر نییە. رۆبیۆ گوتی: "سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی دەیکەن، ئەوان تووشی ئازارێکی یەکجار زۆر بوون و هێشتا زیاتریش دەبینن تاوەکو دێنەوە هۆش خۆیان؛ بەداخەوە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناخە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە لەوەى ئامانجی سەرەکیی واشنتن داماڵینی تەواوەتیی چەکی ئەتۆمیی ئێرانە و لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا ژێرخانی بەرگری، سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک و درۆنەکان دەکاتە ئامانج نەک گۆڕینی رژێمی تاران. رۆبیۆ هۆشداریی دا لەوەى تاوەکو ئێستا بۆردوومانەکان زیانی ملیاران دۆلاریان لە ئابووریی ئێران داوە و "نرخەکەش هەموو شەوێک بەرزتر دەبێتەوە".
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدانەوە. حوزەیرانی رابردووش ئەمریکا بەشداری لە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل لە دژی ئێران کرد و هێرشیکردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.



