رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەردەوامبوون لە فشارە سەربازییەکانی، چاوی لە رەزامەندیی کۆنگرێسە بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی نوێ. پێنتاگۆن داوای 87 ملیار دۆلاری بەپەلە دەکات، بەڵام دیموکراتەکان دەڵێن، کۆشکی سپی "هیچ ستراتیژییەکی روونی نییە".
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران پێ ناوەتە قۆناخێکی نوێوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژ لە دوای رۆژ هەڕەشەکانی تووندتر دەکات. بەڵام بۆ هەر هەنگاوێکی سەربازی، پێنتاگۆن و ئیدارەی ترەمپ پێویستیان بە کۆنگرێسە تاوەکو بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکات.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، داوای نزیکەی 87 ملیار دۆلاری بەپەلەی لە کۆنگرێس کردووە. ئەم بڕە پارەیە جیاوازە لەو بودجەیەی کە سەرەتای ئەمساڵ پێنتاگۆن داوای کردبوو، کە بڕەکەی 1.5 تریلیۆن دۆلار بوو.
دیموکراتەکان: ترەمپ لە گێژاودایە
لە بەرامبەر ئەم داواکارییەدا، دیموکراتەکانی نێو کۆنگرێس گومانیان لە سیاسەتەکانی کۆشکی سپی هەیە. ئەوان پێیان وایە دۆناڵد ترەمپ و وەزارەتی بەرگری هیچ پلان و ستراتیژییەکی روونیان بەرامبەر بە ئێران نییە و داوا دەکەن پێش پێدانی هەر بودجەیەک، ئامانجەکانیان روون بکەنەوە.
ویلیام کیتینگ، کۆنگرێسمانی دیموکرات لەو بارەیەوە دەڵێت: "پێموایە سەرۆک خۆی خستووەتە نێو گێژاوێکەوە دەرچوون لێی ئاسان نییە. دەبوایە پرسی بە کۆنگرێس و هاوپەیمانەکان کردبا. پێویست بوو پلانێکی پێشوەختەی هەبایە، کێشەکە لێرەدایە."
کۆمارییەکان: زمانی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران شکستی هێنا
بە پێچەوانەی دیموکراتەکان، کۆمارییەکان پێیان وایە کاتی بەکارهێنانی هێز هاتووە. ئەوان دەڵێن ئەمریکا هەموو رێگەکانی دیپلۆماسی تاقیکردەوە و ئەنجامی نەبوو.
مایکڵ مەککاوڵ، کۆنگرێسمانی کۆماری دەڵێت: "ئێمە دانوستاندنمان تاقیکردەوە، بەڵام تاوەکو ئەم رژێمە لەسەر کار بێت، ئەوە هیوایەکی شکستخواردووە. دەبێت بنکە مووشەکییەکانیان، درۆنە 'شاهید'ەکان و مووشەکە بالستییەکانیان تێکبشکێنین. ئێمە دەرفەتمان بە ئاشتی دا، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە، بۆیە ئێستا دەبێت بەدیلی ئاشتی ببینن."
نیگەرانییەکان لە زیانی وڵاتانی ناوچەکە و کوردستان
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە هەبووە. لە وڵاتانی کەنداوەوە تاوەکو هەرێمی کوردستان، رووبەڕووی هێرش و زیانی جۆراوجۆر بوونەتەوە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی ناوچەیی بکەن.
کێس سێڵف، کۆنگرێسمانی کۆماری ئاماژە بەوە دەکات کە "پێویستە هەموو ئەو وڵاتانە بەیەکەوە هاوپەیمانییەتییەک پێکبهێنن، چونکە دەبینین ئێران هێرشدەکاتە سەر هەموو دراوسێکانی. پێویستە لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمانییەتییەکی گەورەتر دژی ئێران پێکبهێنرێت."
هەڕەشەکانی ترەمپ: وەڵامی دە هێندە
دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی داوەتە تاران و رایگەیاندووە، لە بەرامبەر کوژرانی هەر سەربازێکی ئەمریکی یان هەر هێرشێکی ئێران، وەڵامی ئەمریکا "دە هێندە تووندتر" دەبێت. هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەوا ئەمریکا راستەوخۆ ژێرخانی مەدەنیی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.



