رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی دەست بە قۆناخێکی نوێی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ عێراق دەکات و جەختی لەوەش کردەوە کە دەیانەوێت وەبەرهێنانی زیاتری ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان ببینن.
لە پەراوێزی واژۆکردنی چەندین گرێبەستی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا گوتی: "ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێی دڵخۆشکەرە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق. هاوبەشییەکی ستراتیژیی راستەقینە کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت، لایەنێکی گەورەی بازرگانیش لەخۆدەگرێت."
وەزیرە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پێشکەوتنە لە پەیوەندییەکاندا گرنگییەکی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەیە و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گەورە بوو بۆ پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و رۆژێکی گەورە بوو بۆ گەلی عێراق."
سەبارەت بە رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم رێککەوتنانە و پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هەولێر، کاتێک پەیامنێری رووداو لێی پرسی کە ئایا هەمان پەیوەندیشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە یان نا، کریس رایت بە "بێگومان" وەڵامی دایەوە.
وەزیری وزەی ئەمریکا لەم بارەیەوە جەختی کردەوە و گوتی: "بێگومان. ئێمە دەمانەوێت گەشەسەندن، وەبەرهێنانی ئەمریکا و زیادبوونی بەرهەمهێنان و دەرفەتی کار و هەلی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا ببینین."
لێدوانەکانی وەزیری وزەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی و بازرگانی لە ئارادایە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی وزە و ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بەغدایە بە سەرچاوەکانی دەرەوە و راکێشانی سەرمایەگوزاریی زیاتری ئەمریکییە بۆ ناوچەکە.



