رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژێرخان و بەڕێوەبردنی ئاوی هۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەکەیان بە فەرمی رووبەڕووی کەمیی ئاو بووەتەوە. وشکەساڵیی بەردەوام ئاستی ئاوی رووبارەکانی دابەزاندووە و شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە تەنیا یەک هەنگاو لە قەیرانی گەورەی ئاوەوە دوورن.
حکومەتی هۆڵەندا بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی کێشە بۆ ئاوی خواردنەوە، چەندین رێکاری نوێی بۆ دابەشکردنی ئاو گرتووەتە بەر. ئێستا لە زۆر شوێن وشکەساڵییەکە بە روونی دەبینرێ، چونکە باران کەم دەبارێت.
زیانەکان بۆ کەشتیوانی و کشتوکاڵ
ئەم وشکەساڵییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکان دروستکردووە؛ ئەوان ناچارن باری کەمتر هەڵبگرن و کاتێکی زۆرتریش لە دەروازەکاندا چاوەڕێ بکەن. هاوکات جووتیارانیش دەڵێن بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.
بەرپرسان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانێکی نوێن بۆ دابەشکردنی ئاو. بروینسما، لە کۆمیسیۆنی نیشتمانیی دابەشکردنی ئاو دەڵێت: "ئێمە پەمپی گەورە بەکاردەهێنین بۆ گەیاندنی ئاو بە ناوچە بەرزەکان، هەروەها بەربەستەکان نزم دەکەینەوە تاوەکو ئاو بۆ ئەو شوێنانە بڕوات کە پێویستییان بە ئاوی شیرینە. لە هەندێک شوێنیش ئاودێری بۆ کەرتی کشتوکاڵ قەدەخە کراوە."
داواکاری لە هاووڵاتییان
هەرچەندە بەرپرسان دەڵێن ئاوی خواردنەوە بەشی پێویست هەیە، بەڵام حکومەت داوا لە هاووڵاتییان دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن. بۆ نموونە داواکراوە خەڵک کاتی خۆشۆردن کەم بکەنەوە تاوەکو رێگری لە بەهەدەردانی ئاو بکەن.
هۆڵەندا کە بە وڵاتی ئاو و رووبارەکان ناسراوە، لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رووبەڕووی وشکەساڵیی نائاسایی بووەتەوە. ئەم دۆخە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی ئاوی وڵاتەکە.



